دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
وتەبێژی #یەپەگە# لە #عەفرین# ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لەئەنجامی شەڕو پێکدادانی نێوان شەرڤانان و سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی، 15 سەربازی تورکیا کوژراون و لەناوچەی شێرەوا بە هۆی بۆردومانی تورکیا ژنێک و دوو پیاویش شەهیدبوون.
ئەمرۆ شەممە 17ی شۆباتی 2018 بڕۆسک حەسەکە، وتەبێژی یەپەگە لەعەفرین بە دواڕۆژ وت لەگوندی ئیرندێ سەر بە ناوچەی شیێ سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچەیە بەکارهێنا و لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردومانەی هێزە ئاسمانیەکانی تورکیا ژمارەیەک هاوڵاتی برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی عەفرین کران.
ئاماژە بەوەشکرد بەرەبەیانی ئەمرۆ سوپای تورکیا بە چەکی قورس بۆردومانی گوندی سارینجێکێ و کۆبیلکا و مێرمینی سەر بە ناوچەی شێرەوای کرد و بەوهۆیەوە ژنێک و دوو پیاو شەهیدبوون.
ئەوەشی خستەڕوو شەڕڤانان لە گوندی قودێ و بێلیکای سەر بە ناحیەی ڕاجۆ لە دژی سوپای تورکیا دوو چالاکیان ئەنجامدا، بەهۆیەوە حەوت سەرباز و لەگوندی بێلکاش شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.
راشیگەیاند ئەمرۆ لە نزیک گوندی دێوای سەر بە ناحیەی جندڕێس لە نێوان شەڕڤانان و سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی شەڕ ڕوویدا و لە ئەنجامدا دوو سەرباز کوژران.
لە 20ی مانگی ڕابردوو ئۆپراسیونی داگیرکردنی عەفرین دەستیپێکردووەو تائێستا بەردەوامەو بەوهۆیەوە بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون.
نوری مەحمود وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دواڕۆژ وتی ئەمشەویش هێزەکانی یەپەگە لەچالاکییەکی نەوعیدا لە ناحیەی قەرەخان-ی شاری هاتای تورکیا حەوت سەربازی تورکیان کوشتووه و ژمارەیەکی زۆریش بریندارکردووە.
وتیشی جاری یەکەمە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەکە) وەک وەڵامدانەوەی سوپای تورکیا لە ناو خاکی ئه و وڵاتە هێرشدەکاتەسەر سوپای تورکیا کە بنکەیەکی گەورەی سەربازی تورکیا بووه و وەک ژووری ئۆپراسیۆنەکانی (چلە زەیتۆن) بەکاردەهێنرا.[1]
#17-02-2018#