#عەلی حەمەساڵح#، ڕایدەگەیەنێت، کە 60 ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری #کەرکووک# دیارنییە و چووەتە سەر حسابی تایبەتیی #نەجمەدین کەریم#.
ئەمڕۆ لەناو پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەلەمان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی سازکرد.
عەلی حەمەساڵح، ئاشکرایکرد، کە ئێراق دەیەوێت نەوتی خورمەڵە و کێڵگەکانی کەرکووک بکاتە یەک و ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە ملیۆنێک 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەمەش ناوچە کوردستانییەکان بەتەوایی لەڕووی ئابووریی و نەوتەوە دەکەوێتەوە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێم فەرامۆش دەکرێت.
ئەو پەڕڵەمانتارە، وتیشی:حکومەتی هەرێم بەنیازە بەم بابەتە ڕازیی ببێت لەپێناو ئەوەی، کارکردن لە کێڵگەکانی هاڤانا و بای حەسەن و خورمەڵە بدرێت بە کۆمپانیای کار، کە ئەمە زۆر مەترسیدارە و دەستبەرداربوونە لە ناوچە دابریندراوەکان.
عەلی حەمەساڵح، ئاماژەی بە دیارنەمانی پارەی نەوتی پترۆدۆلاری کەرکووک-یش کرد و وتی:لە 2016 و شەش مانگی یەکەمی 2017، واتا 18 مانگ 182 ملیۆن دۆلار لە پارەی پترۆدۆلار چووە بۆ کەرکووک، 60 ملیۆن دۆلاری دیارنییە چی بەسەر هاتووە و چووەتە سەر حسابی تایبەتیی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، لە بانکی کوردستان، بۆیە دەبێت ئەم بابەتە ڕوون بکرێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کۆتایی مانگی ڕابردوو حەسەن تۆرهان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق کە تورکمانە، نامەیەکی ئاڕاستەی #حەیدەر عەبادی#، سەرۆک وەزیرانی ئێراق کرد و داوایکرد ڕێوشوێنی دارایی بگرێتە بەر لە دیارنەمانی 46 ملیۆن دۆلار.
ڕۆژنیوز-یش بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد و دەرکەوت، کە ئەو پارانە چوونەتە سەر حسابی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک.[1]
#21-02-2018#