دواڕۆژ، #ڕێبین حەسەن#
لەمڕۆوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە، بەپێی بڕیارێکی نوێی مەرزی نێودەوڵەتی #باشماخ#، مۆڵەتی یەک هەفتە دەدرێتە شۆفێری بارهەڵگرەکان بۆ دروستکردنی باجی تایبەت بەمەبەستی هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو مەرز و چوونیشیان بۆ خاکی ئێران، هاوکات =KTML_Bold=رۆژانە 3500 شۆفێر ئاڵوگۆڕی کەلوپەل دەکەن=KTML_End= لەنێوان هەرێم و ئێران.
لەوبارەیەوە، ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی مەرزی باشماخ، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو گرفتانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە کە لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کاری هاوردە و هەناردەکردنی شتومەک و پێداویستییەکان دەکەن، ئەمڕۆ بڕیارێکی نوێمان دەکرد.
ناوبراو، وتیشی بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بڕیاردرا بەدروستکردنی باجی تایبەت بۆ سەرجەم بارهەڵگرەکان بەمەبەستی هاتنە ناوەوە و گوزەرکردنیان بۆ خاکی ئێران و تا یەک هەفتەی تر دەبێت شۆفێران بەو بڕیارەوە پابەند بن و جێبەجێیبکەن.
روونیشیکردەوە، ئەو بڕیارە بەڕاوێژ و گفتوگۆکردن بووە لەگەڵ نوێنەری چەند فەرمانگەیەکی پەیوەندیداری کۆمەڵگا، واتە لەپاش گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی چەند پرس و بابەتێکی گرنگ بووە سەبارەت بەبارهەڵگرەکانی باشماخ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دەرکردنی بڕیاری دروستکردنی باج، بەمەبەستی ڕێکخستن و کەمکردنەوەی ڕۆتینات و ئاسانکاریی زیاتر بۆ شۆفێری بارهەڵگرەکانە، هاوکات دەبێت ئەو باجە لەکاتی گوزەر کردندا بەپێی ڕێنماییەکان بەکاربهێنرێت و هەر شۆفێرێکیش پێچەوانەی ئەم بڕیارە باجی هاتنە ناوەوە بەکاربهێنێت، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزای یاسایی دەدرێت.
هاوکات بەپێی ئامارێکی سەندیکای شۆفێرانی پێنجوێن، کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، لەئێستادا و لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، زیاتر لە (3500) شۆفێری هەرێم ڕۆژانە کاری هاوردە و هەناردەکردنی کەلوپەل و شمەک و پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و گواستنەوەی جۆرە جیاوازەکانی سوتەمەنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.[1]
#21-02-2018#