دواڕۆژ، محەمەد مستەفا-راپۆرت
ئه و کارگانەی کە بلۆکەکانیان لە دروستکردنی خانوبەرەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم خواستیان لەسەربوو، لەئەنجامی قەیرانی دارایی توشی داڕمانی ئابوری هاتوون و بەهۆیەوە بەشێکیان داخراون و بەشێکی تریشیان خاوەنەکانیان سەرقاڵی فرۆشتنیانن.
کارگەکانی بلۆکی #ڕانیە# و #چوارقوڕنە# له و کارگە بەناوبانگانەن کە بەهۆی کوالێتی و گونجاوی نرخی بەرهەمەکانیانەوە بەشێک لە هاونیشتیمانیان لە دروستکردنی خانوودا پشتیان پێدەبەستن، بەڵام وا دیارە بەردەوامی قەیرانەکەی هەرێم ئەوانیشی توشی کەوتن کردبێت.
داهاتی کارگە تەنیا بەشی کرێی کرێکارەکانی دەکرد
ئەبوبەکر ساڵح، خاوەنی کارگەی بتوێن کە تا ماوەیەک لەمەوبەر سەرقاڵی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی بلۆک بوو بۆ دواڕۆژ وتی، بەر لە قەیرانی دارایی لای ئێمە زیاتر لە 10 کرێکار کاریدەکرد و ڕۆژانە هەزاران بلۆکمان ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکرد، بەڵام دوای قەیرانەکە دۆخەکە تەواو پێچەوانە بوەوە.
ئەبوبەکر زیاتر وتی، دوای بێ بازاڕی و نەفرۆشتنی بلۆکی کارگەکەی بڕیاریداوە ژمارەی کرێکارەکانی کەمبکاتەوە بۆ پێنج کرێکار، بەڵام دواتر قەیرانەکە زیاتر پەرەیسەند و تا ئەو ئاستەی کە کۆی داهاتی کارگەکە تەنیا بەشی خەرجی کرێکار و دانی کرێی کارەبای نیشتیمانی دەکرد بۆیە بە ناچاری بڕیاری داخستنی کارگەکەم دا.
زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلاری وەک قەرز و قیستی بلۆک لای کڕیارانیەتی
ئەحمەد حاجی، خاوەنی کارگەی بلۆکی پەیوەست لە دەڤەری ڕاپەڕین، وەک خۆی دەڵێت بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز و قیستی فرۆشتنی بلۆک لەسەر هاوڵاتیان نەیتوانیوە داهاتێکی باش کۆبکاتەوە بۆیە لەئێستادا سەرقاڵی داخستن یاخود فرۆشتنی کارگەکەیەتی.
ئەحمەد بۆ دواڕۆژ وتی، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی کەمی هاوڵاتیان سەرقاڵی دروستکردنی خانوبەرەن، ئەوانەش کە کڕیاری بلۆکن یا بەقیست دەیکڕن یاخود بە قەرز، هەر بۆیە لە دوو ساڵی ڕابردوو بە بڕی 2 دەفتەر دۆلار بلۆکم بە قەرز و قیست داوەتە هاوڵاتیان لەکاتێکدا نرخی جوتێک بلۆک لە ئێستادا کەمترە لە 700 دینار.
خاوەنی ئه و کارگەیە ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی وەک جاران پارەی فرۆشی بلۆکەکانی بەشێوەی نەقد ناگەڕێتەوە، دەستمایەی زۆر کەمی کردووە و بە ناچاری بیری لە فرۆشتنی کارگەکەی کردۆتەوە.
پێشتر ڕۆژانە 10 بارهەڵگر و ئێستا یەک یان دوو بارهەڵگر بلۆک دەفرۆشێت
بەختیار فەتاح، خاوەنی کارگەی سەنگەسەر بۆ دواڕۆژ وتی، ئەوەندە بێهیوا بووە لە بازاڕی کارگەکەی نازانێت چ بڕیارێک بدات کە ئایا بەردەوام بێت لەکارکردن بەو قازانجە کەمە یاخود کارگەکەی دابخات.
ئه و وتی پێشتر ڕۆژانە زیاتر لە 10 بارهەڵگر بلۆکم فرۆشتووە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ڕۆژانە یەک یان دوو بارهەڵگر بلۆک دەفرۆشم، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژ هەبوو تەنانەت جوتێک بلۆکم نەفرۆشتووە.
بەختیار ئاماژەشیدا، ژمارەی کرێکار و ئامێر و خەرجیشیان کەمکردۆتەوە، بەڵام سودی نەبووە بۆ ئەوەی داهاتێکی باش بەدەستبهێنن سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا باجی کارەبای نیشتیمانی دوو ئەوەندەی نرخی پێش قەیرانی داراییە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا هۆشداری دەدات
ژمارەی هەرە زۆری کارگەکانی بلۆکی دەڤەری ڕاپەڕین دەکەونە ناحیەی حاجیاوا، داخستنیشیان هەڕەشەی زیادبوونی بێکاری لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوبەری ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای ڕانیە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزی کوالێتیانەوە بلۆکی ناحیەکە ناوبانگێکی باشی هەبوو لە سەرانسەری هەرێم، بەڵام بە داخەوە قەیرانی دارایی ئەو کارگانەی توشی داڕمانی ئابوری کردۆتەوە و ژمارەیەکی زۆریان داخراون.
ئەزوەر وتیشی، جگە لە داخستنی بەشی زۆری کارگەکان هاوکات ئەوانی تریش ژمارەیەکی زۆری کرێکارەکانیان لە کار دوورخستۆتەوە کە ئەمەش بۆتە هۆی زیادکردنی بێکاری.
بەڕێوەبەری ناحیە هۆشداری ئەوەشیدا کە ئەگەر قەیرانەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی زۆرتری کارگەکان دادەخرێن.[1]
#24-02-2018#