شارەزایانی ئابووری و هەندێک لە بەرپرس و پەرلەمانتاران، ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران لەبارەی بێکاری بە ڕاستەقینە نازانن. پەرلەمانتارێکی پارێزگای #سنە# دەڵێت، ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە 48 لەسەدە بەڵام بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئامار، ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکە 13.1%ە.
بێکاری لەو پارێزگایە و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کێشەیەکی گەورەی خەڵکە. بەرپرسانی حکومی دەڵێن، پلانیان بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر داناوە، بەڵام بەگوتەی پارێزگاری سنە، لەنێو بەرپرساندا ئیرادەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری نییە.
بێکاری گرفتارییەکە کە لەدەست و پێی کۆمەڵگای ئێران بەجۆرێک ئاڵاوە کە هیوای چارەسەرکردنی زۆر لاوازە. ئەویش لە پارێزگای سنە، پارێزگایەک کە بەدەست پشتگوێخراوی دێرینەوە ڕەنج دەکێشێ. پارێزگایەک کە ڕوانگەی ئەمنی بەسەردا زاڵ کراوەو ئەوەش کۆسپێکی گەورەی بەردەم سەرمایەگوزارییە.
بەپێی ئاماری فەرمی لەم پارێزگایەدا 92 هەزار کەس بێکارن. واتە 16.3%ی کۆی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە. بەڵام هەندێجار ئاماری وا بڵاودەبێتەوە کە دیمەنێکی زۆر تاریک لە پارێزگای سنە پێشان دەدات. مەنسوور مورادی، نوێنەری مەریوان، سەرەتای مانگی سەرماوەز گوتی: ڕێژەی بێکاریی لەم پارێزگایە بەپێچەوانەی ئەو شتەی بەرپرسان باسی دەکەن، 48 لەسەدە. واتە لە هەر دوو کەس لە پارێزگای سنەدا یەک کەس بێکارە.=KTML_Red==KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:25%;float:left;=KTML_Quote_Icon=✰ =KTML_Quote_Content=بەپێی ئاماری فەرمی لەم پارێزگایەدا 92 هەزار کەس بێکارن. واتە 16.3%ی کۆی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە!=KTML_Quote_End==KTML_End=
کێشەیەک کە بەرپرسان تا ئێستا لە چارەسەرکردنیدا دەستەوەستان ماونەتەوە. تەنانەت پارێزگاری سنەش کە وەک کەسێک دەناسرێ کە لەگەڵ پرسە ئابوورییەکان سەرکاری هەیە تا سیاسییەکان، ڕێگایەک بۆ هاتنەدەر لەم قەیرانەی پێ نەبووە.
بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە، دەڵێ: لەنێو بەرپرساندا ئیرادەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکردنی بێکاری نییە. بەگوتەی مورادنیا، لە پەیوەندیی لەگەڵ بێکاری کێشەکان بێ ژومارن، کەچی بەرپرسان هەر یەکدی تۆمەتبار دەکەن.
یەکێک لەم کێشانە، کە بەرپرسانی پارێزگای سنە، وەک کێشەی سەرەکی وێنای دەکەن، هاوکاری نەکردنی بانکەکانە. بەگوتەی حوسێن فیروزی، جێگری پارێزگاری سنە، بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە ساڵەکانی 2016 و 17 بڕی 40 ملیار تمەن بە پارێزگای سنە دراوە. دەرفەتی بەکارهێنانی ئەم بڕە بودجەیە ڕوو لە کۆتاییە، کەچی توانراوە تەنیا 15 ملیار تمەن وەربگیرێ.
بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە گوندەکانیش 260 ملیار تمەن تەرخان کراوە، دەرفەتی وەرگرتنی ئەم بودجەیەش تا کۆتایی بەهارە، بۆ وەرگرتنی ئەم بودجەیە دەبێ پرۆژە بدرێ. تا ئێستا 118 پرۆژە دراوە، ئەم پرۆژانە 51 ملیار تمەنیان پێویستە. بەڵام بەگوتەی بەرپرسان ڕەنگە بانکەکان بەشێک لەم پرۆژانە قبوڵ نەکەن.
بەڵام بێکاری تەنیا بەم ڕێگایانە چارەسەر نابێت. سەید کەماڵ حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە، دەڵێ: بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، دەبێت گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێ و کێشەکانی بەردەمی هەموار بکرێ. ئەمەش پێویستیی بە هاوکاری بانک، فەرمانگە و بەرپرسانی حکومەتی هەیە. بەڵام لەجێی هاوکاری زیاتر سەختگیری و کۆسپ دروستکردن هەیە.[1]
#25-02-2018#