لە 38ەمین ڕۆژی هێرشەکانی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بۆ سەر #عەفرین#، سوپای تورکیا ڕایگەیاند دوو هەزار و 59 چەکداری یەپەگە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارێکی هەسەدەش 890 سەربازی تورکیا و چەکداری سوپای سووریای ئازاد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانیان لەدەستداوە. یەپەگەش تێکشکاندنی هێرشی سوپای تورکیای بۆ سەر جندرێس ڕاگەیاند.
رۆژی دووشەممە 26-2-2018، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە 38ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا ڕایگەیاند، پێشڕەوییەکان لە پێنج میحوەرەوە بەردەوامن بەتایبەتی لە هەردوو میحوەری جندرێس و ڕەجۆ. یەکەکانی تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکان بەشێوەیەکی چڕ پێگەکانی یەپەگەیان تۆپباران و بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 38 چەکداری یەپەگە کوژراون.
هەر بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی سوپای تورکیا، لەماوەی 38 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەی ئه و شەڕڤانانەی یەپەگە کە لە عەفرین گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 59 شەڕڤان.
سوپای تورکیا ڕاشیگەیاندووە، 33 سەرباز و 69 چەکداری ئۆپۆزیسیۆن کوژران. 170 سەرباز و 214 چەکداری ئۆپۆزیسیۆن برینداربوون. هەسەدەش ڕایگەیاندووە 102 شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی عەفرین، لە 28 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا 170 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 460 کەسی دیکەش برینداربوونە. نزیکەی 140 کەسیش لە قوربانییەکان ژن و منداڵن. بەپێی ئامارێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هەرێمی عەفرینیش کە ماوەیەک پێش ئێستا بڵاویکردەوە، 60 هەزار کەس ئاوارەبوونە.
سوپای تورکیا لە 37ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند، به یەکگرتنەوەی هەردوو میحوەری بلبلێ و ڕەجۆ و تەواو پارێزراوبوونی هەردوو شاری کلیس و هاتای.
هاوکات بەپێی میدیاکانی یەپەگە، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە شەوی ڕابردوو شکستیان بە هێرشێکی سوپای تورکیا و چەکدارانی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێناوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە بەری گوندی بافەلورێ - هەوڵیانداوە هێرشی سەر جندرێس بکەن.
بەگوێرەی فەرماندەکانی پەیەگە، لە شەڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر سەرباز و چەکدار کوژراون. بەگوێرەی زانیارییەکانش شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوەندی شارۆچکەی جندرێسیان بۆردوومانکردووە. سەرچاوە تورکییەکان لەبارەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە.[1]
#26-02-2018#