هەواڵی دەستگیرکردنی دز، بەشی زۆری ئەو هەواڵانەی پێکهێناوە کە ڕۆژانە لە پەیجەکانی پۆلیسی پارێزگاکانی کوردستاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە. گەورەترین دزیش کە ئەمساڵ دەستگیرکرابێ، تۆمەتبارێک بووە کە 12 ئۆتۆمبێلی لە #هەولێر# و #دهۆک# دزی بوو.
ئەو دزە کە خەڵکی شاری دهۆکە، کۆتایی مانگی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر لە هوتێلێکدا دەستگیرکرا. وەک لە دانپێدانانەکانیدا دەرکەوت، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دزیونی مازادا و ئۆپڵ بوونە، هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی ئەوەی ساڵیانەیان تێدا نەبووە، نەیتوانیوە بیانفرۆشێتەوە. ئەوانی دیکەشی بە 800 – 2400 دۆلار فرۆشتوونەتەوە. یەکێک لە دزییەکانیشی، بریتی بووە لە دزینی ئۆتۆمبێلی ماڵی خۆیان.
بەپێی ئەو ئامارەی لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوکراوەتەوە، پۆلیس لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا 10 کەس و باندی لەسەر دزیکردن دەستگیر کردووە. یەکەمین دزیش لە ساڵی نوێدا ڕۆژی یەکی کانوونی دووەم لە شارۆچکەی پیرزین دەستگیرکرا بە ناوی (س.م.ق)، تەمەن 36 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی دانی نا بەوەی 9 تاوانی دزیکردنی ئەنجامداوە کە بریتی بووە لە دزینی زێڕ و پارە و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی.
بەپێی ئاماری پۆلیسی هەولێر، ساڵی ڕابردوو 677 کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون کە پەڕاوی 584 کەسیان ڕەوانەی دادگا کراوە. هەروەها لە شاری سلێمانیش ساڵی ڕابردوو 321 حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە کە 202 حاڵەتیان ئاشکرا بووە و 785 کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.
پۆلیسی سلێمانی ڕۆژی 10/1/2018 ئاماری نۆ ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکە پۆلیس لە ماوەی نۆ ڕۆژدا 40 کەسی بە تۆمەتی دزی دەستگیر کردووە.
رۆژی هەشتی مانگی ڕابردوو پۆلیسی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا تاوانەکانی هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێی ڕاگەیاند. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد کە ڕۆژی #04-01-2018# دوو تۆمەتباریان بەناوەکانی (ه.ئا.ح) و (م.ی.ع)، دەستگیرکردووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (کیا کادێنزا)یان لە گەڕەکی قەرەبوو لە ناحیەی کەسنەزان دزیبوو.
لە ماوەی ڕابردوودا پۆلیس چەندین سکاڵای بۆ چووە لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل، ڕۆژی 10ی مانگی ڕابردوو پۆلیس دوو برای دەستگیر کرد کە دوو ئۆتۆمبێلیان لە گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر دزیبوو.
دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە چەندین ڕووداوی دزینی سەرە مەنهۆڵ لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کردەوە و توانی لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتباران دەستگیر بکات. لەوانەش باوک و کوڕێک لە شارۆچکەی بەحرکە کە چەندین سەرە مەنهۆڵیان لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری دزیبوون. هەروەها سەرەتای ئەم مانگە پۆلیس باندێکی پێنج کەسی لە دارەتوو دەستگیرکرد کە 80 سەرە مەنهۆڵیان لە دارەتوو دزیبوون.
دزەکانی دارەتوو دەستگیرکران ئەمە سەردێری هەواڵێکی پۆلیسی هەولێر بوو لە 29/1/2018. پۆلیس دەڵێت دوای ئەوەی چەند ڕووداوێکی دزی لە دارەتوو ڕوویان دا، دۆسیەیان بۆ کردەوە و سێ کەسیان دەستگیر کرد کە حەوت تاوانی دزییان لە دارەتوو ئەنجامدابوو. سێ ڕۆژ دواتر پۆلیس تۆمەتبارێکی دیکەی هەر لە دارەتوو دەستگیرکرد بەناوی (س.ئا.د) کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ئۆمیگا و ماتۆرسکیلێکی دزیبوو.
یەکێکی دیکە لەو تۆمەتبارانەی پۆلیس ئەم مانگە دەستگیری کردووە، کەسێکی تەمەن 34 ساڵ بووە بەناوی (پ.ع.ع) ئەو کەسە لە گەڕەکی تەعجیل بڕێک پارە و مۆبایل و دوو دەمانچەی دزیبوو. هەروەها پۆلیس ڕۆژی 13ی ئەم مانگە دزێکی لە شارۆچکەی خەبات دەستگیر کردووە کە چەند دووکانێکی شارۆچکەکەی شکاندووە و بڕێکی زۆر پارە و کارتی مۆبایلی بردووە.
هەفتەی ڕابردوو پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر، دەستگیرکردنی سێ کەسی ڕاگەیاند. (س.س.م.)، چەندین ماتۆڕسکیلی لە شەقامی 100 مەتری لە نزیک نەخۆشخانەی ڕزگاری دزیبوو. (ه.ح.ع.)، چەندین تابلۆ و تایەی ئۆتۆمبێلی دزیبوو. هەروەها (ژ.م.م.)، چەندین دوکانی شکاندووە و بڕێکی زۆر پارە و کارتی مۆبایلی دزیوە.[1]
#28-02-2018#