گەلی وڵاتپاریز و شۆڕشگێر، ژنان و گەنجانی تێکۆشەر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
لەبەرەبەیانی 5ی ئازاری 1991دا گەلی کورد لەباشووری کوردستان لە ڕاپەڕینێکی میللی بەشکۆ دا کە لە دەڤەری ڕاپەرین دەستی پێکرد لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعسی خوێنرێژ کەوتنە دەستی خەڵک و دواتر بڵێسەی ڕاپەڕین سەرجەم شارو شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە تاگەیشت بە شاری دێرینی کەرکووک، ئەو ڕاپەڕینە؛ وەرچەرخانێکی مێژووی گرنگ بوو لەخەباتی ڕزگاری وئازادیی خوازیماندا، دوای چەندین ساڵ لەسەرهەڵدان، بەرخۆدان.
سەرئەنجام لەوراپەڕینەدا کەهێزی گەل سەرچاوەکەی بوو بەشێکی گرنگ لەخاک و وڵاتی داگیرکراو پارچەکراو کەوتەوە دەستی کوردخۆی بۆ بەڕێوەبردن، بەڵام زۆری نەبرد ئەو جۆش وخرۆشەی خەڵکی بەرخۆدێری تینو بۆژیانێکی ئازاد کە توانیبوی بەرگەی ئەنفال وکیماباران وراگواستن وسیاسەتی قرکردنی بەعسیەکان بگرێت بێهیواکراو لەنیوەی ڕێگادا بەجێهێڵرا لەلایەن ئەو هێزانەوە کەهاتبوون لەسەر خوێن و تێکۆشانی گەلی ڕاپەڕیویی کوردستان سیاسەت و دەسەڵاتداری بکەن.
ئەوزهنیەتە دەسەڵاتخوازە لە جیاتی کاربکەن بۆجێبەجێکردنی بڕیارەکانی گەل و پاراستنی دەسکەوتەکان، بەپێچەوانەوەکەوتنە سەودا لەگەڵ بەعس و شەڕکردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ڕاکردن بۆباوەشی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و دابەشکردنی سامانی گشتی لەنێو دارودەستەمشەخۆرەکانی خۆیاندا، سەرئەنجامەکەشی بریتی بوو لە ڕاکردن لەبەردوژمن و بەدەستەوەدانی دووبارە ئەوخاکەی بەخوێنی هەزاران شەهید ئازادکرابوو، لەوەش خراپتری بەدواداهات، وەک نانەوەی شەڕی ناوخۆ، بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی گشتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگه و گەندەڵی و دەیان دەردی دیکەیان خستە جەستەی شەکەت و ماندوی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کەتادەگات بەرۆژی ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە.
لەو یادە مێژوویەدا وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان لەوقەیرانە سیاسی وجڤاکی ئابوریەی بەسەری داسەپێنراوە، بۆپاراستنی دەسکەوت وسەوەریەکانی گەل و بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان بۆخاوەندەرکەوتن لەنرخ و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە و گێڕانەوەی ئیرادەو هێز بۆ تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەمان بەگوروتین و جیهان بینیەکی نوێ و لەسەربنەمای هێڵی نەتەوەی دیموکراتی، بە پشت بەستن بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان تێدەکۆشین بەڕۆحییەتی ئەو ڕۆژانەی کە ڕاپەڕینی پێنجی ئازاری تێدا سەرکەوت و ئەمڕۆش بەهێز وەرگرتن لەوئیرادە و بەرخۆدانە مەزنەی گەلی شۆڕشگێڕی عەفرین کەشکستی بە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا هێناوە تادێت ئاسۆی سەرکەوتنمان ڕوونتردەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانی ڕاپەڕین وسەرجەم شەهیدانی ئازادیی وسەرفرازی کوردستان.
#05-03-2018#