بۆ/ وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان
بۆ/ هێژا وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان
بابەت/ بلۆککردنی زنجیرە دراما تورکییەکان
بەروار/ 05-03-2018
وێڕای سلاو،
بەڕێز جەنابی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، وەک بەڕێزتان ئەزانن کە دراما و فیلم چەندە کاریگەری هەیە لە سەر پەروەردە و کولتور، لەسەر سەلیقە و پەیوەندییە مرۆییەکان.
لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا، کە خوشک و براکانمان لە ژێر بوردومان و شاڵاوێکی نابەرابەری حکومەتی تورکیان،،،.
لە کاتێکدا ئەگەر لە بواری هونەر و ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان، نەتوانراوە پشتگیرییەکی مانەوی و مرۆیی بۆ ڕۆژئاڤا بکرێت، خۆ ئەوەندە لە دەست دێت، کە بڕیارێک دەربکرێت بۆ وەستان و بلکۆککردنی زنجیرە دراما تورکییەکان، کە بەڕاستی وەک ڤایرۆسێک خۆی خاندوەتە ناو دەماری خوێنی هەموو خێزانێکی کوردەوە...،
ئەم جۆرە درامایانە، جگە لە پەیامی؛ خیانەت و بێ متمانەیی، دزی، پارەپەرستی، بێ ڕەوشتی، و دەیان ئاکاری نیگەتیفانەی دیکە، نۆرمالیزە ئەکات کە زۆر دوورن لە دەرونی خێزان و کۆمەڵگەی کوردەواریمان، هیچ پەیامێکی تری تێدا بەدی ناکرێت.
وەک میتۆدێکی بەرنامە و پلان بۆ داڕێژراو، کار ئەکات بۆ هەڵوەشاندنەوە و هەڵتەکاندنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردستانیان.
هەندێک کە ناڵ هەیە وەک (کوردماکس)بە نمونە، کە ڕۆژ و شەو بە بەردەوامی، دەیان جۆر لەم دراما تورکییە بێ ئاستانە بڵاوئەکاتەوە، کە گومان ئەکرێت هیچ خاوەندارییەکی کوردیشی نەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، بە هیوام بڕیاڕێکی فەرمی بۆ وەستاندنی ئەم درامایانە دەربکرێت، هەر وەک چۆن وڵاتی سعودییە لە دەیان کەناڵی ناوخۆ و دەروەی خۆیدا وەستانی، لە کاتێکدا بە دەیان ملیارد دۆلار پەیوەندی بازرگانیان هەیە. هەریمێش ئەتوانیت، بەم کارە هەڵبسێت و هیچ کاریگەرییەکی نیگەتیفانەشی نەبێت لە سەر هەرێم.
دوبارە، پاش ئەوەی بە پرس و ڕای زۆری کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆشنبیر، ئەم داوایەمان ئاراستە کردی، کە ئەزانین بەڕێزت بە تەنگییەوە ئەچیت، چونکە کۆمەڵانی خەڵک و باوک ودایکانێکی زۆر، لەوە زیاتر ئۆقرەی ئەم شیرازە تێکچونە ناگرن، لەوانەیە لە داهاتودا، بەرەوە ئاراستەی توندوتیژی بۆ خودی ئەو کەناڵنەە بڕوات، کە پشکی شێریان لەم درامانەدا هەیە.
بە هیوای لێکتێگەیشتن و بە ئەنجام گەیشتن
دوبارە سوپاس و ڕێزمان
کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆژنامەنوس و هونەرمەند
#05-03-2018#