ئێستا کاتییەتی.... چالاکوانانی لادێ و شار پێکەوە، ژیانی ئافرەتان بەرەو ئایندەیەکی گەش بگۆڕن..
مانگی ئادار مانگی فیداکاری و ڕاپەڕینەکانە، هاوکات ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، بۆ ژنانی کوردستان تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە چونکە لەلایەک مانگی یادەوەرییە خەمناک و ناخۆشەکانە و لە لایەک مانگی ڕاپەرین و ڕزگاری گەلی کوردستانە لە دەستی دکتاتۆرییەت و لە لایەکی تر یادێکی مەزنی جیهانی دەکاتەوە کە تایبەتە بەو تیکۆشان فیداکاریی و خەباتە مەدەنییەی بە درێژایی قۆناغەکانی مێژوویی خەباتی کردوە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەسیاسی و مەدەنی یاسایی و ئابوری و کۆمەلایەتییەکانی.بۆیە ئەم یادە بەرهەمی خەبات ڕەنجی سەدان ساڵی ژنانی ڕزگاریخوازی گشت پێکهاتەو نەتەوەکانی دونیایە لە پێناوی نەهێشتنی هەموو جۆرو شێوازەکانی جیاکاری و چەوساندنەوەیە. بۆیە ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی شایانی ڕێزو خۆشەویستین لە پای هەموو هەول و خەبات و تێکۆشان و فیداکارییەکانیان.
بۆیە دەڵێن : ئێستا کاتییەتی ژنان و پیاوان پێکەوە کار بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەلگە بکەن لە سەر بنەمای نەهێشتنی جیاکارییەکان و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژییەکان بێ جیاوازی ڕەگەزی هەنگاوەکان بۆخالی کردنەوەی کوردستان بیت لە تەواوی کردارو پەرچەکردارە نا پەسەندەکانی کۆمەلگە بە هەموو شێوازەکانییەوە.
جەژنتان پیرۆزبێت ژنانی تێکۆشەرو فیداکاری کوردستان...
سەری ڕێزو نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەهیدان خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ژنانی قوربانی دەستی ڕژێمەکان و گروپە تیرۆریستەکانی داعش و هاوشێوەکانی، قوربانیانی دەستی توندوو تیژییەکان.
سەربەخۆیی و ئازادی بۆ ئافرەتانی کوردستان.
کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە دەستی کاری ژنانی گوندو شارەکانە لە پێناو دەربازبون لەو قەیران و ئاستەنگانەی ڕوبەروی کوردستان بونەتەوە کەواتە کاتییەتی :
زەمینەسازی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتەکان بچێتە قۆناغی کردارییەوەو ئەو هێزو توانا خەوێنراوەی ژنانی گوندو شار ببوژێنرێتەوەو کوردستان لە تواناکانیان سودمەندبیت و ببنە بەشێک لە چارەسەر و هێزو تواناکانیان نیشانی کۆمەلگە بدەن تا متمانەی زیاتری خۆیان و هاوپیشەو خێزان و دامەزراوەکانیش مسۆگەر بکەن.
بۆیە ئافرەتان چاویان بڕیوەتە داهاتوو تا لە پڕۆسەی پەرەپێدان و پێشخستنی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت هەروەک چۆن لە سەرخستی شۆرش و ڕاپەرینەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە هەرواش باوەرمان وایە بەشداری ڕاستەقینەی ژنان لە پرۆسەکانی پەرەپێدان و بەشداری زیاتری ئافرەتان لە تەکنەلۆژیای زانیارییەکاندا گرەنتی سەرکەوتن و پێشخستنی کوردستان زیاتر دەکات.
بە کاری پێکەوەیی ژنان و پیاوانی چالاک و هۆشیار دەتوانیین کوردستان پێشبخەین. بۆیە پێویستە ئافرەتانی گوندو شار دەرفەتی کارگێری زیاترو زەمینەسازی بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی کاری تەندروست بۆیان بڕەخسێنریت لە بازارەکانی هەرێم تا بتوانێت ڕۆڵی کارا ببینێت لە زیادکردنی بەرهەم و بەرهەمە ناوخۆییەکان گەشەی پێبدات بە تایبەت بۆ هەر ژنێک پێگەیەک وکارێکی شایستەی بۆ دەستەبەر بکرێت کەواتە بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە بەدی بهێنین ژنان پێویستیان بە پاراستنی کۆمەڵایەتی و هەنگاونانە بەرەو ئاسۆیەکی ڕونتر کە داهاتووی لە کوردستانێکی گەشەسەندوودا دەبینێتەوە.
کارکردن بۆ ئەم پەیامانە بەرپرسیارێتییەکی هەمەلایەنەیە هەم لەرووی بابەتی و هەم لەرووی کردارییەوە کە ئێستا لەهەموو کات زیاتر کاتێتی. لە هەمان کاتدا مافی ئافرەتانی ئاوارەو پەنابەر لە کارکردن و بەگەڕخستنی تواناکانیان یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە مافە شایستەکانی ژنانی ئاوارەو پەنابەر بەدیدەهێنیت لە هەمانکاتدا دەیگوازێتەوە بۆ ژینگەیەکی جیاواز لەوەی تێیدا دەژی بەمەش گیانی متمانەبەخۆبوون و هاوبەشی ڕاستەقینە لە ئەرک و مافەکانیان بۆ دەستەبەردەکات. کاریگەری ئەرێنی لە ڕووی دەرونی و کۆمەڵایەتی دروستدەکات بەمەش پارێزگاری کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدی دەهێنرێت.
کەواتە با پێکەوە ئەم بەرپرسیارێتە لە ئەستۆ بگرین و کوردستان بگوازینەوە بۆ قۆناغێکی گەشەسەندوتر......
سەرکەوتوبێت ئیرادەی ژنانی خۆراگرو فیداکار
پێکەوە مافە زەوتکراوەکانمان بە دەست دێنینەوە و بە ئاشتی و ئازادی ژیانمان ڕێکدەخەینەوە بەرەو کوردستانیکی گەشەسەندوتر.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
#08-03-2018#