دواڕۆژ، ڕاپۆرتی #سامان قوبادی#
خەرجی خوێندن هاوکات لەگەڵ ئه و قەیرانەی زیاتر لە دوو ساڵە سەریهەڵداوە بۆ بەشێک لە خێزانەکان بووەتە ئاستەنگی ژیان، خوێندکاران و کەسوکاریان وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەن.
بەدواداچونێکی دواڕۆژ بە ژمارە و داتا خەرجی ڕۆژانە و مانگانەی خوێندکاران لە قۆناغە جیاوازەکان ئاشکرادەکات، بە وتەی بەشێک لە خوێندکاران و کەسوکاریان نەبوونی مووچە و کەمبوونەوەی داهاتی خێزانەکان وایکردووە، نەتوانن بەشێک لە پێویستییەکانی ڕۆژانەی دابینبکەن.
ئەندیای تەمەن 4 ساڵ کە لە یەکێک لە باخچە حکومییەکانی سلێمانی-یە، بە وتەی باوکی مانگانە 30 هەزار دینار بۆ کرێی گواستنەوەی بۆ خەرج دەکات، چونکە باخچەکە حکومییە و خەرجییەکانی تری لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابیندەکرێت، جگە لەوەش بڕی 20 هەزار دیناری تر بۆ جلوبەرگ و پێویستی تر خەرج دەکات، بەڵام وەک باوکی دەڵێت بەهۆی بایکۆتەوەوە ناچێتەوە بۆ باخچە و ئێستا لەماڵەوەیە.
هاوشێوەی ئەندیا، نما دارا، تەمەن 5 ساڵ لە باخچەیی ساوایانە، بەڵام سەر بە کەرتی تایبەتە و خەرجییەکانی زیاترە، دارای باوکی لەبارەی خەرجی یەک مانگی منداڵەکەی بۆ دواڕۆژ وتی نما لە باخچەیەکی ساوایانی ئەهلییە، مانگانە بڕی 285 هەزار تەنها خەرجی کرێی خوێندنیەتی، ڕۆژانەش یەک هەزار دینار خەرج دەکات، کە مانگانە دەگاتە 20 هەزار، هاوکات 50 هەزار دیناری بۆ دەدرێت بە کرێی گواستنەوە، لەماوەی خوێندنیشدا 100 هەزار دیناری بۆ جلوبەرگ و پێویستییەکاتی تر بۆ خەرجدەکرێت، وەک باوکی ئاماژەی پێ دەکات، کۆی گشتی خەرجیەکانی مانگانەی منداڵەکەی نزیکەی 370 هەزار دینارە.
خەرجی خوێندنی مناڵان بەردەوامە و لەدوای باخچەی ساوایانیش بەردەوامە و خوێندکار لە قوتابخانەی حکومی بێت یان ئەهلی و خەرجی هەیە، ئەگەر لە خوێندنگا ئەهلییەکان بێت خەرجییەکی زۆری هەیە.
$قۆناغی بنەڕەتی$
دانیار نوعمان، خوێندکاری بنەڕەتییە لە قوتابخانەیەکی حکومی دەخوێنێت لەئێستادا بەهۆی بایکۆتەوە دەوام ناکات، بەڵام خێزانەکەی دەڵێن لەکاتی دەوامی ئاسایدا، مانگانە بڕی 40 هەزار دیناری بۆ دەدرێت بە کرێی گواستنەوە، هەروەها ڕۆژانە 1000 دینار خەرجییەتی، بەمپێیە خەرجییەکانی دانیار بە کڕینی دەفتەر و قەڵەمەوە لە یەک مانگدا دەگاتە بڕی 70 هەزار دینار.
خەرجی خوێندکاران بەپێی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندن دەگۆڕێت، تا خوێندکار بەره و قۆناغەکانی تری خوێندن بڕوات بەهەمانشێوە خەرجییەکانیشی زیاتر دەبێت.
بەڵێن کاوە،ی (تەمەن 10 ساڵ) خوێندکاری قۆناغی 4ی بنەڕەتی لە قوتابخانەی کانی ئه و دەڵێت، بۆ هەر ڕۆژێک کە دەوای خوێندن هەبێت بڕی 2 هەزار دینار خەرج دەکەم، بەڵام بەوپێیەی خوێندنگەکە نزیکە لە ماڵمانەوە کرێی گواستنەوە نادەم.
بەپێی وتەکانی ئەم خوێندکارە لەکاتی دەوامی ئاساییدا بۆ هەر مانگێک بە کڕینی جەفتەر و قەڵەم خەرجیەکانی دەگاتە 60 هەزار دینار، بەدەر لە بڕەی 30 هەزار دینار کە پێشتر بۆ کڕینی جلوبەرگی خوێندن لێیوەرگیراوە.
$خوێندنی ئامادەیی$
ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە بەشێکی بەرچاوی قوتابخانەکان تەنها وەرزی یەکەم دەوامی خوێندن هەبووە، لەئێستاشدا بەره و کۆتایی وەرزی دووەم دەچین، بەڵام بایکۆت بەردەوام، تەنها پۆلەکانی قۆناغی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی نەبێت کە مامۆستایان وانە بە خوێندکاران دەڵێنەوە، واتە لە کەرتی گشتیدا لە سنوری سلێمانی تەنها خوێندکارانی ئه و دوو قۆناغە ڕۆژانە خەرجییان هەیە.
یەکێکی تر له و خوێندکارانەی باس لە خەرجییەکانی دەکات، بەناوی سۆلین سەردار کە لە قۆناغی 12ی ئامادەییە لە خوێندنگەی جەمال تاهیر دەڵێت بۆ هەر مانگێک بە کرێی گواستنەوە و خەرجی ڕۆژانە و کڕینی دەفتەر و قەڵەم بڕی نزیکەی 80 هەزار دینار خەرج دەکەم، بەڵام ئەمە بەدەرە لە هەندێک خەرجی تری وەک جلوبەرگ و چوونە دەرەوە لەدوای دەوام.
$زانکۆ و پەیمانگاکان$
خوێندکارانی زانکۆ جیاواز لە قۆناغەکانی پێشتری خوێندن بەهۆی زیادبوونی پێویستییەکان و تەنانەت گۆڕانکاری لە ژیانیاندا وایکردووە خەرجییەکانیان زیاتر بێت، تەنانەت لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازن. لەئێستاشدا بەهۆی قەیرانی دارایی بەشێک لە خوێندکاران لەدوای دەوامی خوێندن کاردەکەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی داهات و بەکارهێنانەوەی بۆ خەرجییەکانیان.
ئیمان سامر، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی باس لە خەرجییەکانی دەکات و وتی مانگانە 80 هەزار دینار دەدەم بە کرێی تەکسی، 10 هەزاریش بۆ مەلزەمە، بۆ هەر ڕۆژێک دوو هەزار لە کافتریای زانکۆ بۆ خواردن خەرجدەکەم، هەر له و مانگەدا یەک جار دەچمە بازاڕ و بەنزیکی بەبڕی 20 هەزار دینار جلوبەرگ و هەندێک پێویستی تر دەکڕم.
ئیمان لەکاتی پشووی خوێندندا بە کارکردنەوە سەرقاڵە و ئه و داهاتەشی دەستەی دەکەوێت بۆ خەرجییەکانی خوێندنی بەکاری دەهێنێت، کە بەشێوەیەکی گشتی کۆی خەرجیەکانی بۆ هەر مانگێک بڕی 150 هەزار دینارە.
بەهەمانشێوە مستەفا سەردار، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی گەشەپێدان کە سەر بە کەرتی تایبەتە بۆ دواڕۆژ وتی دوو ملیۆن و 400 هەزار دینار بە حەوت قیس دەدەم بە زانکۆ، واتە 340 هەزار بۆ هەر مانگێک، هەروەها نزیکەی 7 هەزار دەدەم بە کڕینی مەلزەمە، جگەلەوەی مانگانە 270 هەزار خەرجدەکەم.
مستەفا باس لەوەشدەکات بە کرێی خوێندن و خەرجییە جۆراوجۆرەکانییەوە هەر مانگێک نزیکەی 620 هەزار دینار خەرج دەکات.[1]
#08-03-2018#