8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، هێمای زیاتر لە دوو سەدە ڕاچەڵەکینی ژنانی ئازادیخوازی جیهانە بۆ گەڕاندنەوەی بەها مرۆڤایەتییەکان بۆ سەر ڕێگای سرووشتیی خۆی، هەزاران ساڵە سرووشتی مرۆڤ لە سەر تەرازوویی نابەرابەری، پێناسەی نادرووستی بۆ کراوە و دەسەڵاتی نادادپەروەر، زێهنییەتی سەرکوت و زەوت کردنی مافەکانی مرۆڤی، کردووەتە کلتوور و داب و نەریتی چەند هزار ساڵەی ژیانی شارستانییەتانەی مرۆڤ.
8ی مارس، بەگژداچوونەوەی سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی تاکڕەهەندی پاتریمۆنیالیستی و پیاوسالاری و گەورەسالارییە، ڕۆژێک کە نە تەنیا بۆ یاد و مەراسیم، بەڵکوو ڕۆژێکە بۆ بەگژداچوونەوەی هەموو ستەم و نابەرابەری و نادادپەروەرییەکانی جیهان بە ڕۆحییەتی ژنانەوە، ڕۆحییەتی ژنانە، زامن و پارێزەری زایینە ڕەنگاڵەییەکانی هەزاران ساڵەی مرۆڤە کە بە هۆی زێهنییەتی ستەمکاری و خۆ بە گەورە زانینی تاک و بنەماڵە و عەشیرە و نەتەوە و چین و ڕەگەزەوە، هەمیشە لە بن هەڕەشە دابووە کە فرەڕەنگی و جیاوازییەکانی بسڕدرێتەوە، 8ی مارس، دەروازەی چوونە ژوورەوەی ژیانی دیموکراتیکانە و دادپەروەرانەیە بۆ مرۆڤ، کە تێیدا هەموو جۆرە ستەمێکی چین، توێژ، ڕەگەز، جیندەر، ڕەنگ، زمان و نەتەوە و ئیکۆلۆژیکی ڕەت دەکرێتەوە.
زیاتر لە دوو سەدە خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بۆ سەلماندنی بەرابەری و یەکسانیی نێوان مرڤەکان و نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی، هێشتا لە سەرەتای ڕێگایەکی دوور و درێژ و دژوار دایە، چوونکو زێهنییەتی باوکسالارانە و پیاوسالاری ڕەگ و ڕیشەی چەند هزار ساڵەی لە مرۆڤ چەقاندووە، جیهانێک لە ستەم و تاوان کە لەم سەردەمەدا دەیبینین، ڕواوی سەر ڕەگ و ڕیشەی ئەو زێهنییەتەیە کە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤی تەنیوێتەوە و هەر جارە خۆی لە بەرگی ئایدئۆلۆژی و ئایین و مەزهەب و کلتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکدا نوێدەکاتەوە و لە هەیکەلی حیزب، گرووپ، لایەن، ڕەوت و دەوڵەت و سیستەمی ناوچەیی و جیهانیدا خۆی ڕێکدەخات.
یەکێک لەو دەسەڵاتە دەوڵەتیی ئایدئۆلۆژیکییە دینییەی کە مرۆڤی سەردەم گیرۆدەی بووە، کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە چوار دەیە لە ستەم و نابەرابەری و هەڵاواردنی سەپاندووە بە سەر خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتایبەت ژنان وەک سەرەکیترین قوربانیانی ئەو سیستەمەن کە خەباتی بێوچانی ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی دادپەروەر، هێشتا نەیتوانیوە بنیاتەکانی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە عەقڵخەسێنە ڕووبەڕووی قەیرانی جیددی بکات و هەیکەلی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهەژێنێت، کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ میراتی چەند هزار ساڵەی زێهنییەتی پیاوسالار و پاتریمۆنیاڵ کە بەرگە ئایدیۆلۆژیکی و ئایینییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ داپۆشینی کۆمەڵگە و خەواندنی، 8ی مارس، دەتوانێت بکرێت بە دەلاقەیەک بۆ تیشک خستنە ناوەوەی ئەو میراتە داپۆشەرە ئایدئۆلۆژیکی و دینییە کە کۆماری ئیسلامی لە سەری، خۆی ڕاگرتووە و ئەوڕۆکانە بووتە یەکێک لە گەورەترین ستەمکارەکانی سەر مرۆڤ و تایبەت ژنان لە ئێران.
دەبێ ئەوش لە بەرچاو بگرین کە لە کۆمەڵگەی ئێران و لە بن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ئازادیخوازان و خەباتکارانی دادپەروەری و یەکسانیخوازی، هەمیشە لە هەوڵی بەگژداچوونەوەی ئەو سیستەمە پیاوسالارییە دینییەیانداوە و هیچکات کۆماری ئیسلامی نەیتوانییوە قوفڵ و کلیل لە سەر هزر و ئەندیشەی کۆی کۆمەڵگە بدات و دەبینین کە ژنانی ئێرانیی، گەرچی بە تاک تاک و شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە دەسەڵات و سەرکوت و سەپاندنەکانی دەر دەبڕن، لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەلاقەیەکی هیوایە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕای گشتی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە دژە ژن و دژە مرۆڤانەی کە کۆماری ئیسلامی پیادە وپەیرەوی دەکات.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان، 8ی مارس، لە هەموو ژنان، تایبەت کوردستان و ئێران پیرۆز دەکەین و باوەڕمان وایە کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن و گەیشتن بە زێهنییەتی یەکسانیی ڕەگەزیە کە بە جێگیر بوونی ئەو زێهنییەتە، مرۆڤ هەنگاو دەنێتە نێو شارستانییەتی دیموکراتیکەوە کە هیچ جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی و چینایەتی و نەتەوایەتی بوونی نابێت.
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
#07-03-2018#