بەپێی ئاماری #نەتەوە یەکگرتووەکان#، نزیکەی پێنج هەزار کەس #عەفرین#یان جێهێشتوە و بۆ خۆپەنادان لە هێرشی تورکیا لە ناوچە ئارامەکان جێگیربوون.
لەم ڕۆژانە شەڕ و وێرانکاری لە عەفرین ئەوەندە زیادی کردووە، ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ناتوانن یارمەتییەکان بگەیێننە ناوچەکە.
فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی بەشێوەیەکی کاتی و چەند جارێک ڕێگەمان پێدراوە بچینە عەفرین، بەڵام لەم
چەند ڕۆژە بەهۆی شەڕەکان کێشەمان هەیە لە گەیشتن بەو ناوچانە.
هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان زانیاری وردی ڕاگەیاند دەربارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە عەفرین هەڵاتوون.
جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان دەشڵێت نزیکەی پێنج هەزار کەس توانیویانە عەفرین جێبێڵن، ئێمە هێشتا نیگەرانین لەسەر ئەو
خەڵکەی دەیانەوێت عەفرین جێبێڵن و نەیانتوانیوە بە هێزە لۆکاڵییەکان تێپەڕبن.
بەڵام کە دێتە سەر ژمارەی کوژرانی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکاری و قەبارەی وێرانکارییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ زانیارییەکی ورد ڕاناگەیێنێت.
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی تورکیا لێرە ئەوەیە کە دەبێت زیاتر باسی کارئاسانی بکرێت بۆ دەرچوونی هاووڵاتیان لە عەفرین.
لە هەمان کات ئەنقەرە، باسی چەند پلانێک دەکات بۆ دامەزراندنی دەیان کامپی ئاوارە لە باکووری سووریا، بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان، ئەمەش بەگوێرەی دپلۆماتکارێکی نوێنەرایەتیی یەکێتی ئەوروپا، لەوانەیە بەشێک بێت لە پلانێکی درێژخایەنی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردنشینەکانی سووریا.
لێرە نوێنەری هیچ وڵاتێکی زلهێز باسی عەفرین ناکات، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەنها گرنگی بە بابەتی غوتەی ڕۆژهەڵات دەدەن.
فرانکۆس دیلاترێ، باڵوێزی فەرەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئێمە لەگەڵ بەریتانیا داوای ئەم کۆبوونەوەیەمان کرد، چونکە لەم کاتەی قسە
دەکەین ڕژێمی سووریا بەردەوامە لە گەمارۆدان و بۆمبارانکردنی هاووڵاتیانی، کە پێشێلکارییەکی تەواوی پڕۆژەبڕیاری 24,01 ە.
ئەو پڕۆژە بڕیارەی باڵوێزی فەرەنسا باسی دەکات، داوای ئاگربەستی سەرتاسەری دەکات، لە هەموو سووریا بە عەفرینیشەوە.
ئولۆف سکوگ، باڵوێزی سوێد لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: لای کەمی ئێمە دەمانەوێت نامەی ڕێگەپێدان واژۆ بکرێت، بۆ ڕەتڵێکی دیکە لە
یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غوتەی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی لای کەمی ئەو یارمەتیانە سبەینێ بگات و کەلوپەلە پزیشکییەکان نابێت لە بارهەڵگرەکان دەرکرێت.
بەڵام ڕووسیا لەسەر ئەو داواکاریانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێشتا ڕازی نەبووە و ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی چوارشەممە جگە لە ڕاگەیێنراوێکی کورت هیچ
دەرئەنجامێکی پراکتیکی نەبوو.
کارێل ۆستێرۆم، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و باڵوێزی هۆڵەندا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش نیگەرانی دەردەبڕن دەربارەی دۆخی مرۆیی و گفتوگۆ لەسەر وەستاندننی تووندوتیژییەکان کرا.
چاوەڕوان دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ورد دەربارەی ڕەوشی سووریا و جێبەجێکردنی ئاگربەستی کاتی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.
49 ڕۆژە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و چەکدارانی سووریای ئازاد بۆ سەر عەفرین دەستیپێکردووە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، کەچی تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ گوشارێکی دروست نەکردووە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکە و تورکیا و هێزە چەکدارەکانی سوپای ئازادی سووریا لە هێرشەکانیان بۆ سەر عەفرین بەردەوامن.[1]
#09-03-2018#