بەپێی ئاماری شەڕی 24 کاتژمێری ڕابردوو لە عەفرین، کە قەسەدە بڵاویکردووەتەوە، شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان شەڕڤانان و سوپای تورک و چەتەکانیدا دژوار بووە و لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 169 سەباز و ئەندامی تیمە تایبەتەکان و چەتەی تورک کوژراون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئاماری شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
قەسەدە ڕایگەیاندووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە گوندی خەڵتا هێزەکانمان لەگەڵ دوژمن بەشەڕ هاتوون و تا ئەم ساتە شەڕەکە بەردەوامە، هەروەها لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ، هێزە سوپای تورک و چەتەکانی، بەشێوەیەکی هەرەمەکییانە، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە مەدەنینشیەنەکان و ناوەندی عەفرین دەوروبەری دەکەن.
هەروەها، هاتووە: شەوی ڕابردوو، لە گوندی مەریەمین-ی شەرا، سوپای تورک و چەتەکانی هەوڵی پێشڕەوییان داوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە وەڵامدراونەتەوە و شەڕ بەقورسیی تا درەنگانی شەو بەردەوامبووە، لەئەنجامدا پاشەکشێی بە دوژمن کراوە و 5 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای تورک تێکشکێندراون و لانیکەم 33 سەرباز و ئەندامی تیمی تایبەت و چەتە کوژراون.
ئەوەش هاتووە: لە گوندەکانی کەفەر ڕۆمی و قورتقلایش لە شەرا، سوپای تورک و چەتەکانی هەوڵی پێشڕەوییان داوە، بەڵام هێزەکانمان بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و شەڕ دروستبووە و تا ئێستاش بە دژواریی بەردەوامە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە-دا هاتووە: لە گوندەکانی کورا و کانی کورکێ-ی جندرێس، شەڕی سەخت دروستبوون و تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە، هاوکات گوندەکانی کورا، جلمەت، چەقاڵی، جومی، ئیسکا، کەفرزیتا و تلفێ و دەوربەریان لە زەمین و ئاسمانەوە، ڕووبەڕووی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورک و چەتەکانی بوونەتوەە.
قەسەدە ڕاشیگەیاندووە: لە گوندەکانی، کەفەر سەفرە، کەفەر زیتا، کورا و قورتا-ی سەر بە جندرێس، شەڕی قورس ڕوویداوە و دوژمن زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەو شەڕانەدا 60 سەرباز و ئەندامی تیمی تایبەت و چەتەی دوژمن کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو: لە گوندەکانی تورمیشا و شکەفتا، شەڕی دژوار لەنێوان شەڕڤانانمان و سوپای تورک و چەتەکانیدا ڕوویداوە، لەئەنجامدا لانیکەم 27 سەرباز و چەتەی دوژمن کوژراون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە-دا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە گوندەکانی برکاشا، قاشا، بیباکا و قاتا-ی سەر بە شارۆچکەی بلبلێ، شەڕی دژوار ڕوویداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە و گورزی قورس لە هێزەکانی دوژمن دراوە، کە تەنها لە گوندی قاتا 35 سەرباز و چەتەی دوژمن کوژراون، هەروەها لە گوندەکانی ساریا و بێباکاش گورزی سەخت لە دوژمن دراوە، بەو هۆیەوە 14 سەرباز و چەتە کوژراون، تا ئەم ساتەش شەڕ لەو گوندانە زۆر بەقورسیی بەردەوامە.[1]
#10-03-2018#