بەڕێزان هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK
بەڕێزان بەشدارانی کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK سەبارەت بە عفرین
سڵاوێکی گەرم...
بەڕێزان، بە خۆشحاڵییەوە داوەتنامەی بەڕێزتان بۆ ئامادەبوونمان لە کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK سەبارەت بە عفرین بەدەستمان گەیشت، بەداوای لێبوردنێکی زۆرەوە بەهۆکاری تەکنیکی ناتوانین ئامادەی کۆبوونەوەکەتان بین، لێرەوە بەناوی خۆمان و مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست و تەواوی خەلڵکی خۆڕاگری عفرین دەکەین و، هیوای سەرکەوتن بۆ بەرخودانی عفرین و کۆبوونەوەکەتان دەخوازین و ئومێد دەکەین ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە فاکتەری پێشڤەچوون و سەرکەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و، لەهەمان کاتدا ببێتە پشتیوانییەکی مەزن بۆ بەرخودانی دلێرانەی عفرین.
بەڕێزان، کۆنگرەکەتان لەکاتێکدا دەبەسترێت کەوا بەرخودانی عفرین پێی ناوەتە قۆناخێکی زۆر هەستیار، لەهەمان کاتدا کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ڕەوشێکی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەکرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کار بۆ یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی کوردان بکەین و وەک ژمارەیەکی بەهێزی نێو هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بوونی کاریگەری خۆمان بسەلمێنین و کار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان بکەین, بەباوەڕی ئێمە لەم کاتەدا بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەبێتە فاکتەری سەرەکی یەکڕیزیمان, بێگومان یەکڕیزی و یەکێتیمان زامنی سەرکەوتنمانە, بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەم پێناوەدا تێبکۆشین.
لەکۆتاییدا دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و، جەختدەکەینەوە سەر ئەوەی کەوا تەنها بە یەکڕیزی و یەکدەنگیمان دەتوانین پیلانی داگیرکەرانی کوردستان لە گۆڕ بنێین و، خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بکەین و بگەین بە مافە ڕەواکانمان.
لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستی دووبارەماندا.
هەر بژین و سەرکەوتووبن بۆ کوردو کوردستان.
برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#11-03-2018#