سییەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی #هەڵەبجە#یە. 30 ساڵ بەر لە ئێستا یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. لە شەڕی ئێران - عێراقدا، باشووری کوردستانیان کردبووە مەیدانی جەنگ. ساڵی 1988 ڕژێمی سەدام حوسێن بە چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژیی کوردانی کرد. ژن، منداڵ، بەساڵاچوو و زیاتر لە 5 هەزار مرۆڤی ئێمە کوژران. بە ئامانجی قڕکردن ئەم هێرشەیان کرد، بۆ ئەوەی گەلێک بە چەکی کیمیایی لەنێوببرێت. بەم شێوەیە جارێکی دیکە کوردانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کردە قوربانی.
کاتێک لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژی کرا، هەرگیز لێپێچینەوە لە دەسەڵاتدارەتیی سەدام حوسێن نەکرا. دواتر هاوسەنگیی سیاسی گۆڕان، ڕژێمی بەعسی عێراق بوو بە ئامانجی ئەمەریکا و جیهان. ئینجا ئه و هێرشەی بە چەکی کیمیایی لە دژی هەڵەبجە کرا، وەک کۆمەڵکوژی ناسێندرا. ئەم قڕکردنە کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا نەدەبینرا، دوای گۆڕانی هاوسەنگییەسیاسی و پەیوەندییەکان، بە کەمپینی بەرفرەوان وەک کۆمەڵکوژی ناسێندرا. سەدام حوسێن کرایە ئامانج و وەک بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق دەستنیشان درا. کاتێک کوردان قڕکران کەس دەنگی نەکرد، بەڵام کاتێک بابەتەکە بوو بە بەرژەوەندیی ئەوان، ئەم قڕکردنەیان خستە ڕۆژەڤی جیهان. پڕوپاگەندەی ئەوەیان کرد کە زوڵمێکی چۆن لە کوردان دەکرێت.
لە دژی کوردان بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا، سیاسەتێکی توندی زوڵم و کۆمەڵکوژی بەڕێوەبرا. بەڵام بەهۆی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان، هەمیشە چاوپۆشی له و کۆمەڵکوژییە دەکرا. نموونەی زیندووی ئەمەش قڕکردنی دێرسم-ی ساڵی 1938_ە کە بە دەیان هەزار ژن، منداڵ، لاو و بەساڵاچوو کوژران. سەدەی بیستەم دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک سیاسەتی زوڵم و قڕکردنی بەڕێوەبرد و کورد بوونە قوربانیی سیاسەتی نێوان دەوڵەتان.
سیاسەتەکانی سەدەی بیستەم، ئەمڕۆ لە ئاستێکی گرنگدا بەردەوامن. ئەوانەی لە تێکۆشانی دژی داعش و ئەلنووسرەدا پەیوەندییان لەگەڵ کوردان دروست کرد، لە کۆشکەکانی خۆیان پێشوازییان لێ کردن، لە مانشێتەکانی مێدیاکانی خۆیان شوێنیان بۆ تەرخان کردن و سڵاویان ئاراستەی تێکۆشانی دژی داعش کرد، لە دوای ئەوەی کە شکست بە داعش هێنرا، بە چاوی سەدەی بیستەم مامەڵەیان لەگەڵ کوردان کرد. دیسان دەیانەوێ کوردان بکەنە قوربانیی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان. ئه و بێدەنگییەی کە ئێستا لە بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا لەسەر #عەفرین# دەینوێنن، کاتی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە دێنێتەوە بیری مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەی کە سەدان سیڤیل کوژراون، هێشتاش ڕێ لە داگیرکاریی دەسەڵاتدارەتیی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ناگیرێت کە سیاسەتی قڕکردن لە دژی کوردان بەڕێوەدەبات.
پەرلەمانی ئەورووپا بڕیاریدا کە دەبێت ڕێ لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین بگیرێت. ئەمە ئەرێنییە، بەڵام بڕیارێکی درەنگوەختە. ئەگەر هاوشێوەی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لە کاتی خۆیدا هەڵوێست پیشان نەدرێت، ڕێ لە کۆمەڵکوژی ناگیرێت. ئەگەر نایانەوێ ببنە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکی نوێی هاوشێوەی هەڵەبجە، پێویستە بڕیاری خۆیان جێبەجێ بکەن. بۆ ئەوەش بەر لە هەر شتێک پێویستە گەلانی جیهان لە بەرانبەر داگیرکاریی سەر عەفرین بوەستنەوە، بەتایبەتی پێویستە گەل و هێزەدیموکراتەکان زەخت لە دەسەڵاتدارانی خۆیان بکەن. ئەگەر ئەمە بکرێت، ڕێ لە کۆمەڵکوژی دەگیرێت و بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا جێبەجێ دەکرێت.
لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا، ئێمە ئیدانەی هەموو ئه و کەس و هێزانە دەکەین کە ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامداوە، یان پشتگیرییان کردووه، یانیش لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگ بوون. ئێمە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە بۆ یادی شەهیدانی هەڵەبجە، تێکۆشانی خۆمان بۆ ئافراندنی کوردستانێکی ئازاد و ڕۆژهەڵاتی ناوینێکی دیموکرات گەش بکەین.
کۆما جڤاکێن کوردستان - #کەجەکە#
#16-03-2018#