دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە بەندیخانه و چاکسازییەکانی هەرێم لە دۆخێکی خراپدایه و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە پاشەکشەی بەردەوامدایه و ژمارەی زیندانیانیش لەبەرزبوونەوەدان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئازاری 2018، دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە بەندیخانه و چاکسازییەکانی هەرێم بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرەکەدا، زیا پتڕۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان پاشەکشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت ڕەوشی بەندکراون زۆر خراپه و ژمارەشیان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە بە بەراورد بە ساڵەکانی ڕابردوو.
باسی لەوەشکرد ژمارەی بەندیخانەکان لە کوردستان حەوت بەندیخایە بە چاکسازی و گرتووخانەکانەوە، تیایاندا کەیسەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، هەرچەندە دەبوو لەماوەی شەش مانگدا یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام نەک دۆسیەی بەشێکیان یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵکو چەند حاڵەتێکیش هەیە کە زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندان.
وتیشی بەندیخانه و چاکسازییەکان لەگەڵ ستانداری جیهانی نین و باڵەخانەکان کۆنن و شوێنی زیندانیان شیاو نییە، بۆیە داوامانکردووە کە گۆڕانکاری لە زیندانەکاندا بکرێت.
لەبارەی ئه و کەسانە لەلایەن ئاسایشەوە زیندانی کراون، زیا پتڕۆس وتی زۆرینەی ئه و کەسانەی لەلایەن ئاسایش دەستگیردەکرێن بنەماڵەکانیان ئاگادارناکرێنەوە، هەروەها ئه و کەسانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەر دەستیگرکراون بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنیان لە دۆخێکی خراپدا دەژین، بەداخەوە جیاوازی لەنێوان بەکاربەرو بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر نەکراوه و یاسایەکی تایبەتی نییە.
رونیشکردەوە کە هەرسێ باڵەخانەکانی نەوجەوانان و ژنان لە پارێزگاکانی هەرێم شیاو نین، بۆیە دەبێت بە زووترینکات باڵەخانەیان بۆ دروستبکرێت، تەنانەت لە سلێمانی سەربازگەی کۆن کراوەتەوە بە زیندان.
لەبارەی ئه و کەسانەی کە ئەشکەنجە دراون، وتی ژمارەی ئەوانەی کە ئەشکەنجە دراون ژمارەیان چوار حاڵەتە، هەروەها لە 2017 تەنیا لە دەستە 22 سکاڵا یەکلایی کراوەتەوه و کێشەکانیان کۆتایی پێهێنراوە، بەڵام لەهەمان ساڵدا حەوت کەس بەرووداوی جیاجیا گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی زیندانیانی بیانی، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، وتی 293 زیندانی بیانی و وڵاتانی دراوسێ لە کوردستان بەهۆی ماددەی هۆشبەرو تیرۆرو بەزاندنی سنوور دەستگیرکراون و لەگەڵ چەند زیندانێکی سیاسی کە لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە داوا کراون ڕادەستیان بکرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە ڕادەست نەکرێنەوە، چونکە ئەوکات سزایەکی قورس دەدرێن و لەوانەیە لەسێدارە بدرێن.
راشیگەیاند تاوانی بێسەروشوێنکردن وەکو دیاردەبوونی نییە، بەڵام چوار حاڵەت هەیە کە تائێستا چارەنووسیان دیارنییە.[1]
#18-03-2018#