دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
بەپێی ڕاپرسییەک کە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە، لە سنوری پارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە# و ئیدارەکانی #گەرمیان# و ڕاپەڕین ئەنجامیداوە، 60%ی دانیشتوان داوای سیستمی لامەرکەزی دەکەن.
گمۆ محەمەد، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ڕاپرسییەکە ماوەی (10) ڕۆژی خایاندووە و چوار گروپی تایبەتمەند لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین (1500) فۆڕمیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوو، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکەش (60%)ی دانیشتوان داوای سیستمی لامەرکەزی دەکەن.
ڕاشیگەیاند ئەنجامی ڕاپرسییەکەمان داوەتە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و لەرێگەی پرۆژەیاسایەکیشەوە کە گەیەنراوەتە فراکسیۆنەکان داوای هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009مان کردوە.
رونیشیکردۆتەوە ئەمڕۆ 18-3-2018 وەک ئەندامانی گروپی لامەرکەزی لە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن سەردانی دیوانی قائیمقامیەتی قەزای مەرکەزی سلێمانیمان کرد و ئەنجامی ڕاپرسییەکەمان پێشکەشی قائیمقام کرد.
وتیشی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەنجامدانی ئەو ڕاپرسییەی بە گرنگ ناوبرد و پشتگیری خۆی و ئیدرەی سلێمانی بۆ سەرخستنی کار و پرۆژەکانیان دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشدا قائیمقامی سلێمانی بەڵێنیداوە سەرەڕای پشتگیری لە پرۆژەکانمان بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزی لە هەرێمی کورددستان، کارئاسانی و دەستگیرۆییمان بکات بۆ ئەنجامدانی چەند سیمینارێک لە فەرمانگە حکومییەکانی سنوری سلێمانیدا.[1]
#18-03-2018#