بەناوی خودای مەزنی میهرەبان
مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی جیهان..
خەڵکی شکۆمەندو سەربەرزی کوردستان..
خەڵکی جوامێرو خەمخۆری هەموو سنوری پارێزگای سلێمانی..
کارەساتی داگیرکردن و شەڕو کوشتارو کەوتنی ئاشتیی شاری (#عەفرین#)، هەموومانی هەژاند، گشت کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی خستەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ، تاقیکردنەوەیەک کە دەبوو ئەزمونبکرایه و خەڵک و خاکێک کە مەردانە ڕوبەڕوی تیرۆریستانی داعش بوونەوەو، خواستی چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش و ئارامیی و ئازادیی و دادپەروەریی و ئاوەدانیان بۆ هەموو ناوچەکه و جیهان هەبوو، شەڕو ماڵوێرانیی و بەریەککەوتنی بەرژوەندییە ئابووریی و سەربازییەکان؛ بەردەرگای ماڵیان پێنەگرێت، بەڵام ئەمڕۆ لەبری ستایشکردن، بوونە قوربانی هێرشە سەربازییەکان و کارەساتی مرۆیی گەورە لەم ناوچە گڕگرتووەدا کەوتەوە.
ئێمە لە پارێزگای سلێمانی؛ بەئیرادەیەکی بەهێزو دڵێکی پڕ لە خەمەوە، دەخوازین ئاشتیی جێی شەڕو، ئاوەدانیی جێی وێرانکاریی و، ئازادیی شوێنی داگیرکاریی بگرنەوەو، هەرچی زووە هێزە سەربازییەکان بکشێنەوه و خەڵکی ئاواره و لانەشێواوی عەفرین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئاشتیی و ئاسایش بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە.
داوا لە خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەین؛ بە شێوازێکی مەدەنیانه و ئاشتییانه و بە گیانێکی مرۆڤدۆستانەی لێبوردانە، گوزارشت لە ماتەم و پشتیوانیی و هەڵوێستەکانیان بکەن، ئەم دۆخە بکەنە زەمینەی ئاشتبوونەوەیەکی نیشتمانیی ڕاستەقینه و بەهێزکردنێکی لۆژیکیانەی ئیرادەی نیشتمانیمان.
داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین، ئاوارەکان بپارێزێت و بەهانای برینداران و لێقەوماوانی عەفرینەوە بچێت و درودو سڵاو بۆ شەهیدە شکۆمەندەکان دەنێرین، هەر لەم ماتەم و کۆستە نێودەوڵەتییەدا؛ بڕیارماندا:
- لە ئێوارەی ئەمڕۆوە 18ی ئازاری 2018، تا ئێوارەی ڕۆژی 21ی ئازاری 2018، ماتەمی سەرتاسەری لە سنوری پارێزگاکەماندا ڕابگەیەنین.
- یادی نەورۆزی ئەمساڵ دەگۆڕین بۆ (نەورۆزی پشتیوانیی)و ئاهەنگی نەورۆز ڕادەگرین و دەیکەینە نەورۆزی ماتەم بۆ پشتیوانیی خەڵکی عەفرین.
- پردی یەکتربڕی خەبات لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، لە ئەمڕۆوە ناودەنێن: (عەفرین).
د. #هەڤاڵ ئەبوبەکر#
پارێزگاری سلێمانی
#18-03-2018#