بۆ: سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان- عیراق
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکان پزیشکانی کوردستان بەوپەڕی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و لە خۆ بردوییەوە خزمەتی هاوڵاتییانی کوردستانیان کردوە و بێ گوێدانە سوودە ماددیەکان هەمیشە وەکو سەربازی ون لە نەخۆشخانە و دامەزراوە تاندروستییەکانی حکومەتی هەرێمدا شەوو ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ کەم کردەوەی ئازاری خەڵکی شارو شارۆچکەکانی ئەم هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوە تەنانەت هاوڵاتیانی ناوڕاست و خوارووی عیراقیش بێ جیاوازی لەلایەن پزیشکانی کوردستانەوە خزمەت کراون.
پاش ئەوەی کە سیستەمی پاشەکەوت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوبارە و سەرەڕای ئەوەی کە توێژی پزیشکان زۆرترین بڕی موچەیەن لێ پاشەکەوت کراو هیچ حسابێک بۆ هەستیاری و قورسی و بەرپرسیارێتی کاری پزیشک نەکرا، پزیشکی ئەم وڵاتە بەردەوام بوون لە کاری پیرۆزی خۆیان بەو هیوایەی ڕۆژێک بێت ئاوڕ لە پێویستی و داواکانی پزیشک بدرێتەوە.
کاتێکیش پرۆسەی پێداچونەوە بە میلاکی وەزارەتی تەندرووستی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە دەستی پێکرد، و چەند جارێک لیژنەی تایبەت زانیاریی و ژمارە و ناووناویشانی پزیشکان وردبینی لێکرایەوە، دواجار بڕیاری سەرفکردنی موچەی وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە درا،هیوایەک گەڕایەوە کە پزیشک و کارمەندان دڵی ماڵ و منداڵی خۆیان بە موچەیەکی تاراددەیەک شایستە خۆش بکەن و هەست بە پایەی خۆیان بکەن.
بەڵام بە داخەوە هەموو ئەو چاوەڕوانی و هیوایە لە بار چون ئەویش پاش ئەوەی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی ڕایانگەیاند کە سیستەمی مووچەکە هەر بە پاشەکەوتکراوی دابەش دەکرێت. ئەمەش وای کرد کە ناڕازایەتیەکی زۆر لە نێو پزیشکانی کوردستاندا درووست بێت.
#سەندیکای پزیشکانی کوردستان# وێڕای پاڵپشتی کردنی پزیشکانی خۆشەویست لە دەڕبڕینی ناڕازاییەکانیان،داوا دەکەین وبە زوترین کات ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان ڕوون کردنەوەی پێویست سەبارەت بەو گۆڕانکارییە لە ناکاوەی بەسەر بەڵێنەکاندا هاتوە بدەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی پزیشکان بدەن.
هیوادارین هەردوو حکومەت نرخ و گرنگی پزیشکان لە پاریزگاری کۆمەڵگادا بە هەند وەر بگرن.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزدا
سەندیکای پزیشکانی کوردستان
#19-03-2018#