دواڕۆژ، زریان محەمەد
#نەورۆز#ی ئەمساڵ لەشاری #سلێمانی# بە چەند چالاکییەک لەماوەی حەوت ڕۆژدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانیەوە بەڕێوەدەچێت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت بۆ ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت.
علی ڕەوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی ئێمە خۆئامادەکاری تەواومان کردووە لەپێش نەورۆزەوە لە بازگەکان و فڕۆکەخانە لەکاتی هاتنی گەشتیاردا ڕێنمایی و نەخشەی ناوچە گەشتیارییەکان و هۆتێل و مۆتێلەکانیان پێدەدرێت و پێشوازیان لێدەکرێت.
وتیشی لەئێستادا ئێمە ئاماری تەواوی هاتنی گەشتیارانمان کۆنەکردووەتەوە، چونکە تا بەیانیش گەشتیاران لەڕێگەی سنورەکانەوە دێنە سلێمانی، بەڵام ئێمە پێشبینمان کردووە هاتنی گەشتیار لەمساڵدا بۆ شاری سلێمانی لەپارساڵ زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی بڕی وەرگرتنی 25 هەزار دینار لەگەشتیاران لەسەر سنورەکان هەڵگیراوە، کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هاتنی زیاتری گەشتیار بۆ سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشدا لەدوای تەواوبوونی ڕۆژەکانی نەورۆز بەتەواوی دەستدەکەین بەکۆکردنەوەی ئاماری گەشتیاران و بەفەرمی ڕایدەگەیەنین.[1]
#20-03-2018#