سەرۆکی لیژنەی دارایی 117 هەزار بندیوار و دوو موچە و سێ موچە لە هەرێم هەن
حکومەتی هەرێم: بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران پێویستمان بە 900 ملیار دینارە
هەرێم: لە پێنچ ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس خانەنشین بوون
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت 55 هەزار موچەخۆری وەهمی لە هەرێم ئاشکرابوون و 62 هەزار دوو موچە و سێ موچەیش هەیە، حکومەتی هەرێمیش دەڵێت بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ پاشەکەوت پێویستیان بە 900 ملیار دینارە...
ئاماری ناڕاستی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم کێشەی بۆ پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغداد دروست کردووە، عیزەت سابر سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت حکومەتی هەرێم پێی ڕاگەیاندووە کە لە سیستمی بایۆمەتری 55 هەزار موچەخۆری وەهمی هەبووە و 62 هەزار کەسیش دوو موچە یان سێ موچەیان وەرگرتووە.
لە دواهەمین ڕاگەیەندراویدا، حکومەتی هەرێم دەربارەی موچە دەڵێت: بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ پاشەکەوت پێویستیان بە 900 ملیار دینارە ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 3ی کانونی دووەمی ئەمساڵ سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە وڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند پێویستیان بە 850 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ پاشەکەوت, پێشتریش حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە 860 ملیار دینارە.
زیادبوونی بڕی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لەکاتێکدایە لە ساڵی 2014 وە پرۆسەی دامەزراندن بەفەرمی لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و هەزاران فەرمانبەریش خانەنشین کراون، کەچی لە بری ئەوەی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە کەم بکات زیادی کردووە.
ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم
483 هەزار فەرمانبەری شارستانی بە پۆلیسیشەوە
244 هەزار خانەنشین
36 هەزار خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان
159 هەزار کەم ئەندام و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی
266 هەزار پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش
هەروەها حکومەتی هەرێم پرۆژەیەکی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان کردووە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوە مانگانە نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ داهاتی حکومەت دەگەڕێتەوە.[1]
#21-03-2018#