یەکەم ڕۆژی #نەورۆز# بەدەر نەبوو لە ڕووداوەکان و ڕووداوەکانی هاتوچۆو ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان بەجۆرێک زیادیان کردووە، ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، هاوڵاتیانیش سەروەرنەبوونی یاساو لاوازی حکومەت بەهۆکاری تەشەنەسەندنی ڕووداوەکان دەزانن.
ڕووداوەکانی هاتووچۆ نەورۆزی ئەمساڵی لەژمارەیەک خێزان لە ئاهەنگ و خۆشیەوە گۆڕی بۆ پرسه و شیوەن.
لەسەر ڕێگەی سەیدسادق - بەرزنجە ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاو بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداو چوار کەسی تریش بە سەختی برینداربوون، لە سەیرانگای سەرتەکی نزیک ناحیەی مەیدانیش چوار ئۆتۆمبیل بەیەکیان دا کێشاو لەئەنجامدا سێ هاوڵاتی برینداربوون.
لەسەر ڕێگەی کەلار-دەربەندیخانیش، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان وەرگەڕاو شۆفێرەکەی بەسووکی برینداربوو، هاتوچۆی گەرمیانیش هۆشداری دایە شۆفێران لەوەی کە ڕێگاکان بەهۆی لافاوەوە تێکچون.
لە سەیرانگای قەشقۆڵیش گەشتیارێک کەوتە ناو ئاوی دوکان و خنکا، لە زاخۆش کچێکی تەمەن 12 ساڵ کەوتە ناو چاڵێکەوه و خنکا، لە هەولێریش کەسێک لەئاوی سەیرانگای شێخ تورابدا خنکا، هەر لە قەزای زاخۆ دوو کەس بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوژران.
هەرێمی کوردستان پێگەیەکی دیاری لەنێو عێراقدا هەیە، بە بەوپێیەی سروشتی ناوچەکە گەشتیارییه و لە هەموو وەرزەکاندا گەشتیاران ڕوو لە سەیرانگاو هاوینە هەوارەکانی دەکەن، ساڵانە لە ڕۆژی نەورۆزدا چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوودەدەن و ژمارەیەک کەس دەبنە قوربانی ڕوداوەکان.[1]
#21-03-2018#