شارەدێیەکە، دەکەوێتە شارۆچکەی ناوەندی پارێزگای #هەڵەبجە#، #باشووری کوردستان#.[1]
بیارە دەکەوێتە ناوچەی هەورامان لە هەرێمی کوردستان. شارەدێی بیارە لە باکوورەوە لەگەڵ گوندستانی سیروانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باشوورەوە لەگەڵ شارەدێی سیروان و لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ گوندستانی سیروان و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ شارەدێی #خورماڵ# هاوسنوورە. خەڵکەکەی لەسەر ئایینی ئیسلامن و بە شێوەزاری هەورامی قسە دەکەن.
بیارە ناوچەیەکی گەشتیاری و کۆمەڵایەتی گرنگی هەورامانی لهۆنیە و ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە دەکەن. هەروەها خاوەنی خانەقای بیارەیە کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا و ناوچەیەکی گرنگی ئایینییە.
$گەشتیاری$
بیارە سەربە پارێزگای هەڵەبجەیە و ناوچەیەکی سەوزی گەشتیارییە لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا سەوزی خۆی لەدەست نادات هەر بۆیە لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵ بەتایبەت وەرزی هاوین خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بیارە دەکەن. خەڵکی ئەم شارەدێیە لە ڕێگەی کولتووری ناوچەکە و بەرهەمە خۆماڵییەکان خۆیان پیشانی ئەو گەشتیارانە دەدەن کە ڕوو لەوێ دەکەن. هەروەها کەشوهەوایەکی ئێجگار فێنک و ئاوێکی سازگاری هەیە.
$خانەقا و پەرتووکخانەی خانەقای بیارە$
خانەقای بیارە مێژوویەکی دێرینی هەیە لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و چەندین زانای ناودار لەو خانەقایەدا خزمەتیان کردووە، خانەقاکە دەکەوێتە ناوەڕاستی بیارە و لە ساڵی 1885 لەلایەن شێخ عومەر زیائەدینی بیارەوە درووستکراوە، ڕۆژانە میوانداری کەسانێکی زۆر دەکات و چەندین فەقێ تێیدا دەخوێنن. دەوترێت لەم خانەقایەدا سێ تاڵەمووی پێغەمبەر (ﷺ) لەوێدا هەڵگیراوە.
پەرتووکخانەی خانەقای بیارە کە مێژووی دامەزراندنی بۆ سەردەمی دامەزراندنی خانەقاکە دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1885، زیاتر لە 500 ناونیشانی پەرتووکی دەگمەن و جۆراوجۆری تێدایە کە ژمارەیەکیان هیی سەد ساڵ پێش ئێستان بەڵام بەهۆی خزمەت نەکردن و پارێزگاری نەکردنیان بەشێکیان خەریکە تێدا دەچێت.
بەڕێوەبەری مەدرەسە و خانەقای بیارەی دەڵێت: پەرتووکخانەی مەدرەسە و خانەقای بیارە پاش ساڵی دامەزراندنی خانەقاوە لە ساڵی 1307ی کۆچی (1885ی زایینی) دامەزراوە، دوای دامەزراندنی لە چەندین شوێنەوە بە دیاری پەرتووکیان بۆ ناردووە، یەکێکە لەو شوێنانە مەدینەی منەووەرە بووە لە سعوودیە، وتاربێژی ئەوێ پەرتووکی بە دیاری ناردووە بۆ خانەقای بیارە. لە ئێرانیشەوە چەندین جار پەرتووکی بۆ هاتووە. لە تورکیا و ناوخۆی کوردستانیشەوە پەرتووکی جۆراوجۆری بۆ نێردراوە، ئەمەش بۆ زیندووهێشتنەوەی مەدرەسەکە و دەوڵەمەندکردنی پەرتووکخانەکەی بووە.[1]