هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە، پەیامنێری ڕووداو لە #کەلار# دەڵێت، لەماوەی 6 ڕۆژی ڕابردوودا بەبۆنەی پیرۆزباییەکانی نەورۆزەوە لە دەروازەی پەروێزخان 736 کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
هەڵۆ محەممەد پەیامنێری ڕووداو لە کەلار ڕایگەیاند: هەرچەندە ئاماری کۆتایی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لە 18ی ئادارەوە تاوەکو ئێستا لەدەروازەی پەروێزخان 736 کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی دیکەش لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە هاتوون. بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەکە زیادی کردووە، کە نزیکەی 400 کەس هاتبوون.
هەڵۆ محەممەد، لەبارەی چوونی گەشتیاران بۆ سنووری گەرمیان گوتی بەگشتی زیاد لە 19 هەزار کەس هاتوونەتە سنووری ئیدارەی گەرمیان، وەک: سەرتەک، بانی بی، باخەهەنارە، گۆم بەحری، قۆڕەتوو و هەموو ئەو ناوچانەی بۆ گشتیاری شیاون. بەڵام ئەو گەشتیارانەی دێنە ناوچەکە ماوەیەکی کەم دەمێننەوە.
بەگوتەی پەیامنێری ڕووداو، تاوەکو ئێستا سوودێکی ئەوتۆ لە ناوچە گەشتیارییەکانی گەرمیان وەرنەگیراوە بەتایبەت ئاوی سیروان. لە ڕابردوودا پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاوی سیروان هەبوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە.[1]
#24-03-2018#