بەناوی خوای گەورە
جەماوەری شاری هەولێری خۆشەویست
مامۆستایان و فەرمانبەرانی قەدر گران.
دوا بەدوای هاتنی ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوارە بۆناو شاری هەولێر و پەیدابوونی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، حکومەتی هەریم بارێکی دارایی قورسی سەپاند بەسەر مووچەخۆران، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەران تاوەکو ئێستا بەردەوام بوون لە دەوام کردن و نەیانهێشت حەزە گڵاوەکانی دووژمنان بێتە دی، لەو سۆنگەیەشەوە چەندین جار حکومەتی هەریم بەڵێنی بە مووچەخۆران دابوو کە لەگەڵ نەمانی قەیرانی دارایی، سیستەمی پاشەکەوتی مووچە هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە دوای کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان و نەمانی شەڕی داعش و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، هیچ ئاسۆیەک دیارنیە بۆ چاککردنی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە مامۆستایان و مووچەخۆران هەڵوێستیان هەبێت و داوا بکەن حکومەت بەڵێنەکانی خۆی جێ بە جێ بکات، بۆیە ئێمە وەک دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لەشاری هەولێر خۆمان ڕادەگەیەنین، داوادەکەین
1_ حکومەتی هەرێم بەڵێنەکانی خۆی جێ بە جێ بکات و لە جیاتی پاداشت و دەست خۆشی چیتر مووچەخۆران سزا نەدات.
2_ یاسای پاشەکەوتی مووچە هەڵبووەشێنێتەوە، مووچە وەکو جاری پێشووی لێبکرێتەوە.
3_کاربکرێت لە پێناو گێرانەوە و شکۆی کەسایەتی مامۆستا لەناو ناوەندەکانی خوێندن.
لێرەوە بەسەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران ڕادەگەیەنین کە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە بایکوتی دەوام دەکرێت لەشاری هەولێر و سەعات نۆ و نیو لەبەردەم پارکی شانەدەر بە ڕێپێوانێکی هێمنانە دەچینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێشکەشکردنی یاداشت و داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئەنجومەنی وەزیران
لەگەڵمان بن بۆ سەرخستنی داوکارییەکانتان
دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری هەولێر
#24-03-2018#