براد، یەکێکە لە گوندە ئاوەدانەکانی باشووری عفرین، کە مێژویەکی چەند هەزار ساڵەی تێپەڕاندووە. تا پێش شەڕ، ژمارەی دانیشتووانی 500 کەس بوون، کە هەموویان کورد بوون. نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەلەب دوورە.
براد، لە سەردەمی بێزەنتیەکان، شارۆچکەیەکی ئاوەدان بووە. بە یۆنانی پێیگوتراوە (کفرۆ برادا) . ناوەکە لە ئارامییەوە هاتووە و واتا سارد. بەگوێرەی گوتەی مێژوونوسی ڕووس، گیۆرگی چالنکۆ، شارەکە، پتر لە
3500 ساڵ پێش ئەمڕۆ، لە چواردەور پەرستگایەکی کۆن درووستکراوە. براد، لە سەدەی سێی زایین، زۆر ئاوەدان بووە. شوێنەواری خانی بازرگانان، خانوی ماڵە دەوڵەمەندان تا ئێستا ماون. هەروەک شوێنەواری گۆڕی پیاوچاکێکی تێدا هەیە، کە شێوەکەی چوارگۆشەییە، لەگەڵ شوێنەواری گەرماوی ڕۆمانیی، کە کۆنترین گەرماوی ناوچەکەیە. براد، درەنگتر بووەتە ناوەندێکی دەستەڵاتڕانی ڕۆمانیی، کە شوێنەواری فەرمانڕەوای ڕۆمانی، ساڵی 496ز هێشتا ماوە. هاوکات گەڕەکێکی بازرگانیی، لە باشووری شارەکە هەبووە، بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەنێوان بازرگانانی ڕێگای ئاوریشم. لە سەدەی هەفتی زایینی، بەهۆی شەڕی نەپساوەی ساسانیان و بێزەنتیان، شارۆچکەکە چۆڵ بووە. دوای ئەوەش بووەتە سنووری نێوان ئەمەویان و بێزەنتیان، دواتر بەرەی شەڕی خاچپەرستان.
لە ساڵی 2002ز، دەستەیەکی شوێنەوارناسی ئەمریکی، دەستیان بە کنە و پشکنین کرد لە براد. لەو پشکنینەدا، شوێن و پاشماوەی کلێسای جۆلیانۆس دیاریکرا و نوسینە گرێکیەکانی سەری خوێنرایەوە. ئەو کلێسایە، بە یەکێک لە کۆنترین کلێساکانی دنیا دادەندرێت، کە تا ئێستا مابێتەوە.
هەروەک ساڵی 2004ز، ئاشکرا بوو، کە مەزار و گۆڕەکە، کە خانویەکی بەردینی چوارگۆشەی لەسەر کراوەتە قسن، بریتییە لە گۆڕی (ماڕ ماڕوونی یەکەم) ی دامەزرێنەری کلێسا و دەستەی ئایینی ماڕوونییەکان، کە ئێستا بە گشتی لە لوبنان دەژین. ئەمە لەپڕ وای کرد، کە بڕاد ببێتە بنکەیەکی گەشتی ئایینی و هەزاران کەس ڕووی تێبکەن. چەندان چێشتخانە و بنکەی حەوانەوە، لە گوندەکە درووستکران، هەروەک لەسەر زەویەکی
5000 مەتری، کار لەسەر درووستکردنی کلێسایەکی مارونی دەکرا، کە بە تەواونەکراوی وازی لێهێندرا. زیارەتکەرەکان، لەناو چواردیواری کلێسا کۆنەکە، نوێژیان دەکرد.
شوێنەواری سێ کلێسای گەورەش لە گوندەکە دۆزراونەتەوە، لەگەڵ دوو دێری گەورە. کلێسای جۆلیانوس، کە بەناوی وەستاکەی ناونراوە، بە دەیان ستونی مەڕمەڕی تێدایە، لەگەڵ دیواری لە بەردی گرانبەها داتاشراو. پاشماوەکەی 42 مەتر درێژە و 22 مەتریش پانە. شوێنەکانی ناوەوەی کلێساکە، بە باشی خۆیان ڕاگرتبوو. هەندێک خەڵکی گوندەکە، لە ناو هەندێک لە خانوە شوێنەواریە کۆنەکانی دێیەکە دەژیان، کە دواتر حکومەتی سوری، لێی سەندن و خانوی تازەی بۆ درووست کردن. کلێساکە، لە ساڵی 2011ز وەک بەشێک لە شوێنەواری مرۆڤایەتیی تۆمار کراوە.
بەداخەوە، ئەمڕۆ تورکان بە تۆپخانە، بەشێکی گومەزی مار ماڕون و کلێسای جۆلیانۆسیان ڕووخاندووە. هەروەک خەڵکەکەشی ئاوارە بوون.
[1]