هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی سێدا 70 هەزار بەرمیل و، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانش بەهەمانشێوە 70 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
بەپێی سەرچاوە پیشەسازییەکان، لە مانگی ئاداری 2018 دا ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لە باشوور، ڕۆژانە 70 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. بەوپێیەش ئەوە بۆ سێ مانگی یەک لەدوای یەک دەڕوات هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراقەوە کەمدەبێتەوە.
لە مانگی سێدا عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور، ڕۆژانە سێ ملیۆن و 360 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، ئەم بڕەش بەراورد بە مانگی دوو کەمبووەوەتەوە. عێراق لە مانگی دوودا ڕۆژانە سێ ملیۆن و 430 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، واتە 70 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی سێدا لەڕێی بۆڕی کوردستان - جەیهان ڕۆژانە 270 هەزار بەرمیل بووە، بەمپێیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕۆژانە 70 هەزار بەرمیل دابەزیوە، چونکە لە مانگی دوودا ڕۆژانە 340 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردبوو.[1]
#25-03-2018#