دواڕۆژ، #هۆگر کەمال#
ئەگەرچی ساڵانی ڕابردوو بازاڕی قوماشفرۆش و بەرگدرووەکانی جلی کوردی جمەیان دەهات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی دارایی و گیرفانی بەتاڵی هاوڵاتیانەوە، بازاڕی جلی کوردی زۆر کەمیکردووە و خەڵکی لە جیاتی قوماش کڕین بە دڵی خۆیان هانا بۆ جلی ئامادەکراوی چینی دەبەن، وەک خۆشیان دەڵێن بەهۆی هەرزانییەکەوەیەتی.
جەمال حەمەجان، پیاوێکی تەمەن 46 ساڵە و لە بازاڕی مەزاتخانەی خوارەوەی سلێمانی دوکانی جلی کوردی ئامادەکراوی هەیە و ماوەی 27 ساڵە ئەو کارە دەکات، بە دواڕۆژی وت دوو جۆر جلی کوردی لە بازاڕدا هەن، ئەوانیش چینی و دورینی کوردی خۆمانن.
وتیشی جیاوازی نێوان جلی کوردی دورینی خۆمان و دورینی چینی، شێوازی دورینەکەیەتی، دورینی خۆمان جوانترە و قوماشەکەشی باشترە، بەڵام جلی کوردی ئامادەکراوی چین هەرزانترە و وەک ئەوەی خۆشمان دەرناچێت.
جەمالی دوکاندار پێیوایە جلی کوردی ئامادەکراوی چین بۆ ئاستی ئێستای بژێوی خەڵکە، چونکە زۆر هەرزانتر دەکەوێت، دەشڵێت لەو وڵاتە کۆپی جلەکە دەکەن، چیان وەک نمونە بدەیتێ ئەوەت بۆ دەردەکەنەوە.
ئەو باس لەوە دەکات، کە دورینی قاتێکی کوردی شێوازی مرادخانی لە سلێمانی 90 هەزاری تێدەچێت، بەڵام هەمان قات بە ئامادەکراوی لەوڵاتی چینەوە دێت و دەیفرۆشین بە 40 هەزار و زۆرجار کەمتریش.
جەمال حەمەجان، ئەوەشی خستەڕوو فرۆشی جلی کوردی هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و گیرفانی بەتاڵی هاوڵاتیانەوە زۆر کەمیکردووە، ئەگەرچی نرخەکانیش زۆر دابەزیون و خەڵکیش هەر حەزدەکات جلی کوردی بکات.
ئومێد ڕەئوف، کە تەمەنی 50 ساڵە و لە بازاڕی سلێمانی دوکانی جلی کوردی هەیە، وتی قەبارەی فرۆشی جلی کوردی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمیکردووە، ساڵان خەڵک قوماشی باشی دەکڕی و بەدڵی خۆی دەیدا بەدوورین، بەڵام بەهۆی بارودۆخی داراییەوە هاوڵاتی جلی کوردی ئامادەکراو دەکڕێت بە نرخێکی زۆر کەم.
وتیشی دورینی کوردی قوماشی باشترە و بە دڵی خۆتە و ڕەسەنایەتی زیاتری پێوەدیارە، بەڵام ئامادەکراوەکەی وڵاتی چین قوماشەکەی زۆرباش نییە و چەند جۆر و ڕەنگێکە.
ئومێد ڕەئوف، باسی لەوەشکرد زۆرجار عەرەب و تورکمان و ئێزدی و بیانییەکانیش دێن جلی کوردی دەکڕن، چونکە پێیان جوانە و وێنەی پێوەدەگرن.
جەبار حاجی نەسروڵا، کە تەمەنی 44 ساڵە و دوکانی قوماش فرۆشتنی هەیە لە بازاڕی زێوەری سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا بازاڕی قوماشی جلی کوردی زۆر کز بووە، ساڵان 25 ڕۆژی بمایە بۆ نەورۆز بەرگدرووەکان جلیان وەرنەدەگرت ئەوەنەیان لەبەردەست بوو، بەڵام ئێستا ئەوەندە ئیشەکە کەم بووە تا چەند ڕۆژێک بەر لە نەورۆزیش جل دەدوورن.
وتیشی قوماشەکانمان (چینی، هیندی، تورکی، ئێرانی)ن، بەڵام چینەيەکان پڕفرۆشترن و ئێرانییەکانیش کەسانی بەتەمەن دەیکڕن، لە چێنییەکەش چاک و خراپی هەیە، هەیە قاتێکی چینی 70 هەزاری تێدەچێت هەشمانە 25 هەزاری تێدەچێت.
جەبار حاجی نەسروڵا، باسی لەوەشکرد جلی کوردی دورینی خۆمان جوانترە و خەڵک بە قەبارەی خۆیی و بە دڵی خۆی دەیدورێ، بەڵام چینییەکە کە قەد وەک دورینی خۆمان دەرناچێ خەڵک لەبەر هەرزانییەکەی بۆ یەک یان دووجار لەبەرکردن دەیکڕێت.
نەشیشاردەوە کە قەیرانی دارایی بازاڕی جلی کوردی گوشیوە، دەشڵێت ئێمە حەوت براین کەسیان نایەن لای من بیکڕن بە ئامادەکراوی دەیکڕن، بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت قاتێکی کوردی باش و بەدڵی خۆی بکڕێت لە نێوان 70 بۆ 100 دۆلاری تێدەچێت، قوماشی سینیشمان هەیە 100 دۆلاری تێدەچێت.
جلی کوردی چەندین شێوازی دورینی هەیە لەوانە (چۆغە، کراسی، کەتافی، مرادخانی، نێچیری، مهابادی، نەوشیروانی، سەرۆکی)، بەڵام بەوتەی قوماش فرۆش و فرۆشگاکانی جلی کوردی ئەمساڵ زیاتر خەڵک شێوازی کراسی دەدورێت.
رێبین محەمەد تەمەن 21 ساڵ کە پیشەی کاسبە و جلی کوردی لەبەردابوو لە بازاڕی زێوەر سەرقاڵی کڕینی قوماشی جلی کوردی بوو، وتی ئەوە خویەکە و حەزم لێیەتی هەر لە منداڵیمەوە بەردەوام جلی کوردیم لەبەر بووە، بۆیە قوماشیش دەکڕم، چونکە بە دڵی خۆم دەیدورم و ڕێکتر و جوانتر دەوەستێت لەبەردا، ئەوەتا من بە شێوازی کراسی دەیدورم.
هێمای بۆ ئەوەشکرد خەڵک زیاتر بەهۆی قەیرانی دارایی و هەرزانییەوە جلی کوردی ئامادەکراوی چین دەکڕێت.
هاوکار ئەحمەد، کە تەمەنی 27 ساڵە و پیشەی کاسبە، لە یەکێک لە دوکانی قوماش فرۆشەکان سەرقاڵی کڕینی قوماش بوو بۆ جلی کوردی، باسی لەوەکرد بەهۆی ئەوەی بازاڕ نیە کەی دەچی بەرگدروەکە قاتەکەت بۆ تەواو دەکات، بەهۆی ئەوەی نەورۆزە و بۆنەیەکی کوردییە حەزمان لێیە قاتی کوردی بکەین، من بەردەوام جلی کوردی لەبەر دەکەم.
وتیشی جلی چینی بازاڕی دروستکراوە و بە کەڵک نایەت، بەڵام بە دورینی کوردی جوانترە و زۆرتر دەمێنێتەوە، زیاتر من بە شێوازی کراسی جل دەکەم.
زانا سەید مەحمود، کە تەمەنی 35 ساڵە و لەسلێمانی دوکانی قوماش فرۆشتنی هەیە، ئەوەی خستەڕوو قەیرانی دارایی وەکو مووچە بازاڕی دارایی کردووە بە نیوە، ساڵان لە مەترێک قوماشدا پێنج هەزار خێرم دەکرد، ئێستا لە قاتێکدا ئەوەندە خێر دەکەم.
وتیشی قوماشمان هەیە قاتی لە 25 هەزارەوە بۆ 70 هەزاری تێدەچێت بەبێ دوورین، سەرجەم قوماشەکانیش سینین و باش و خراپیان هەیە، بەڵام خەڵک زیاتر هەرزانەکە دەکڕێت.
کاروان عەبدوڵا تەمەنی 34 ساڵە و لە بازاڕی شارەوانی بەرگدرووە، ئەو بە قسەی خۆشەوە کڕیارەکانی بەڕێدەکرد و وتی بازاڕی جلی کوردی زۆر کەم بووە، ئێستا تەنها لە بۆنەکان بەتایبەتی لە بۆنەکان بازاڕمان هەیە، بەڵام ساڵان بە بەردەوامی و بەبێ بۆنەکان ئیشمان هەبوو.
وتیشی قوماشی جلی کوردی ئامادەکراوی چین باش نییە و دورینەکەشی باش نییە و جوان ناوەستێ لەبەردا، دەتوانم بڵێم جلی ئامادەکراوی کوردی کاری نەکردۆتەوە سەر ئیشی ئێمە، ئیشەکەی ئێمە ئیشی دەستە و قەت لەناوناچێت و خەڵکیش بە دڵی خۆی دەیکات، جلی ئامادەکراوی چین ناشتوانێ بازاڕی جلی کوردی کۆنتڕۆڵا بکات.
کاروان باسی لەوەشکرد خەڵک لەبەر خێرایی و هەرزانییەکەی جلی کوردی ئامادەکراوی سین دەکڕێت.
جەختیشی کردەوە ئەگەر باری دارایی خەڵک باش بێت کارەکەی ئێمەش وەک پێشتری لێدێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوو دوو مانگ پێش 21ی ئازار قوماشمان وەرنەدەگرت، بەڵام ئێستا بەهۆی بێ پارەیی خەڵکەوە پێنج ڕۆژ پێش ئەو بەروارەش قوماش وەردەگرین بۆ دوورین.
هێمای بۆ ئەوەشکرد ئەو کەسانەی بەردەوام جلی کوردی لەبەر دەکەن ساڵی دوو قات دەکەن، بەڵام پێشتر مانگی ئەوەندەیان دەکرد، ئەوانەشی بەردەوام جلی کوردی لەبەر ناکەن ئێستا ساڵی دەستێک جل ئەگەر بکەن.
لە ساڵی (2014)ەوە بەهۆی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)، قەیرانی دارایی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەر بەوهۆیەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی کرد بە سیستمی پاشەکەوت و لە ئێستاشدا بە 80 ڕۆژ جارێک مووچەیەک بەو سیستمە دابەش دەکات، ئەو قەیرانە بازاڕی جلی کوردیشی گرتۆتەوە.[1]
#25-03-2018#