بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ چوار هەزار و 867 کەس بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن.
شێخ قاسم بەرزنجی بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ئەوە ژمارەی هەموو شاندەکەیە، چونکە لەو ژمارەیان بەشێکیان سەرپەرشتیار، تیمی پزیشکی، تیمی میدیایی، ڕێنیشاندەری ئایینی و ئیداریین.
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، نووسراویان بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، کە ناوی 100 کەس لە کەسوکاری شەهیدانیان بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامبدەن.
شێخ قاسم بەرزنجی ڕاشیگەیاند، ساڵی ڕابردوو تیروپشکیان بۆ سێ ساڵ حەجکردن ئەنجامداوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا داوادەکەن ئەوانەی ئەمساڵ سەفەری حەج دەکەن، سەردانیان بکەن بەمەبەستی پێشکەشکردنی پارە و پاسەپۆرتەکانیان بۆ ئەوەی مامەڵەی ئەنجامدانی گەشتی حەجیان بۆ بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 25-3-2018، خالید عەتییە، سەرۆکی دەستە حەج و عومرەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانییدا ڕایگەیاند، وەک پشکی عێراق بۆ ئەمساڵ سعودیە 33 هەزار و 690 کەسی بۆ حەجکردن دیاریکردووە.[1]
#25-03-2018#