جەماوەری کوردستان
مامۆستایان و فەرمانبەران
دوای چاوەڕوانیەکی زۆر بۆ هەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی داسەپاوی مووچە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم نە ئامادەیە بە ئاراستەی چاکسازی ڕیشەیی وبنبڕکردنی گەندەڵی هەنگاو بنێ، نە ئامادەشە مافی زەوتکراوی فەرمانبەران بۆ ئەو چین و توێژانە بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی لە ناڕەزایی و داخوازیەکانی مامۆستایان وفەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی دەکا دژ بە بێباکی و ئەو خەمساردیەی حکومەتی هەرێم.
هەر لێرەشدا داوا لە دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، خۆیان بەدووربگرن لە ئەنجامدانی توونوتیژی لەگەڵ گردبوونەوەکان و خەڵکی ناڕازی، هەروەها نەبنە هۆکاری زەوتکردنی ئەو مافە مەدەنیانەی کە چین و توێژەکانی کوردستان پیادەی دەکەن لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سۆنگە باوەڕی بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی، داوا لە تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان دەکات کە برەو بەو خەباتە مەدەنیە بدەن و بە شێوازی مەدەنیانە داخوازیەکانیان بخەنەڕوو، تا ئەو کاتەی دەسەڵات ناچار دەبێت تەواوی داخوازیە ڕەواکانیان جێبەجێ بکات.
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
#25-03-2018#