مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، پاڵپشتی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ پشتگیری داوای ڕەوای موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و کەرتی پەروەردەو تەندروستی بەتایبەتی، کە دوو بواری خزمەتگوزاری گرنگن، مافی موچە خۆران لەنێوان بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدادا پێشێل دەکرێت و وەڵامی کرداری داوا ڕەواکانیان نادرێتەوە، بۆیە حزبمان جارێکی تر جەخت لەسەر هەموو شێوازێکی تێکۆشانی دیموکراتی و مەدەنی و ئاشتیانە دەکاتەوەو ئەم خاڵانە دەخاتەڕوو:
1- گردبوونەوەو خۆپیشاندان مافێکی ڕەوایە و ناکرێت ڕێگری لێ بکرێت. پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بەرپرسیار دەزانین لە تێکچونی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان و کۆی دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم بارودۆخە ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەندە بە جێبەجێکردنی داواکاریییەکانی جەماوەرەوە، نەک پەنابردن بۆ توندوتیژی بەرامبەر مانگرتووان، پێویستە چارەسەری کرداری و پەلە بۆ داوای مانگرتوان ببینرێتەوە.
2- ئیدانەی هەموو سوکایەتی و توندوتیژیەک لەبەرامبەر مانگرتوان و خۆپیشانداندەران دەکەین و ڕەتی دەکەینەوەو پێویستە ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێتوپێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بەشێوازی یاسایی و مەدەنی و دیموکراسیانە پەیڕەو بکەن و سزای ئەو کەسانەش بدەن کە پێشێلی مافی مرۆڤ دەکەن.
3- وەکو لەبەیاننامەو ڕاگەیاندنەکانی پێشوماندا ڕامانگەیاندووە، جەخت دەکەینەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی ئیجباری موچە.
4- داواکارین کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایانی کوردستان بژاردەی بایکۆت پەیڕەو نەکەن، چونکە دوو بواری ژیارین و پەیوەندی بە پاشەڕۆژ و ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە و خەڵکانی هەژارو نەداری گەلەکەمان تیایدا زەرەرمەند دەبێت.بەڵام مافی هەمووانە هەموو شێوازێکی مەدەنی و دیموکراسی بگرنە بەر بۆ پیشاندانی هێزو ئیرادەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان.
سەرکەوتوبێت ئیرادەی گەلەکەمان
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
#26-03-2018#