بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان،،
لە بارودۆخێکی ناهەمواری وەک ئەمڕۆدا،کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەدەست قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان گیرۆدەبون، وە بەدەست بێموچەیی و پاشەکەوتی موچە و کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە حکومەتی هەرێم ئیرادەی جیدی نیە بۆ چاکسازی و نایەوێت بژێوی ژیانی موچەخۆران چارەسەربکات، تەنانەت قبوڵی نیە خەڵکی هەرێمی کوردستان داوای مافەسەرەتاییەکانی بکات و ڕای ئازادانەی خۆی دەرببرێت، لێرەوە ئیدانەی بە عەسکەر کردنی شارو شارۆچکەکان و ئەو بێ دەنگکردن و هەڵکوتانەسەرو دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری پارێزگاکانی هەرێم دەکەین، بە جۆرێک لەتەسکردنەوەی ئازادیەکانی دەزانین، لەسۆنگەی هەستکردنمان بەخەم و ئازارو مەینەتی و ناسۆری هاوڵاتیانی هەرێم کوردستان، جارێکی تر پاڵپشتی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەر گردبونەوەیەک، یان خۆپێشاندانێک یان ناڕەزایەتییەکی مەدەنی و هێمنانە. شان بە شانی هاونیشتیمانیان ڕادەوەستین و لە خەمەکانیان تێدەگەین، بۆیە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەوان و بە یەکەوە دژ بە گەندەڵی لە خەباتی مەدەنیمان بەردەوام دەبین، تا بەدەست هێنانی سەرجەم مافە ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان
#26-03-2018#