سەڵاح خدر
لە 23ی ئەم مانگەوە کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە کشانەوەی گەریلاکانیانی لە شەنگال ڕاگەیاندووە لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا چەندین لێدانەوەکەی ئەرێنی و نەرێنی بۆ ئه و بڕیارە کراوە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری هەنوکەیی ئه و ڕاستیە دەبینین کە ئه و بڕیارەی کەجەکە یەک لە بڕیارە هەرە ژیرانەکانیان بووە کە پیلانی تورکیای بۆ داگیرکارییەکی مەترسیدار پوچەڵ کردەوە.
(پیلانەکانی تورکیا بۆ شەنگال چی بوون؟)
ڕژێمی تورکیا بەهاوکاری چەند هێزێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی و پارتی دیموکراتی کوردستان موسڵ و شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد، ئەمە جگەلەوەی بەشێک بوو لە شەڕێکی جیهانی جەمسەرەکان، لەهەمان کاتدا پلانێکی هەژمونخوازی پانتورکیزمی پانسونیزمی ئەردۆغان خۆشی بوو، شەنگال بۆ هەریەک له و هێزانە گرنگ بوو، بەڵام بۆ کوردان ژیانی بوو، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئمیراڵیەوە بەرلە دەرکەوتنی داعش درکی به و مەترسییە کرد و پەکەکە و پەیەدە و حزبەکانی باشووری کوردستانی له و مەترسیە هۆشیار کردەوە، بۆ ئەوەش داوای دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی لە سنوری ڕۆژئاواوە تا خانەقین کرد، وەلێ هیچ کام لە حزبەکانی باشوور ئه و هۆشیارییەیان بەجدی نەگرت، بگرە پارتی دیموکرات ئاستەنگی لەبەر چوونی گەریلا بۆ پاراستنی شەنگال دروست کرد، بەڵام پەکەکە چیدی ناچار نەبوو گوێ لە پارتی بگرێت و هێزی نارد و سەدان هەزار ئێزدی لە کۆمەڵکوژی ڕزگار بکات.
بەگەیشتنی گەریلاکانی پەکەکە بۆ چیای ستراتیژی شەنگال زۆرێک لە پیلان و هاوکێشەکان ژێرەوژوور بوون، چونکە تەواوی هێزەکان بەئیسرائیلیشەوە لەپێشبڕکێدا بوون بۆ گەیشتن بە لوتکەی چیاکە، تورکیا بەنیاز بوو لە ڕێی داعشەوە خۆی لەوێ قایم بکات، بەڵام بەگەیشتنیان پەکەکە کۆردیدۆرێکی لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە تا ئەوکاتەی ئێزدییەکان یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و مەجلیسی خۆسەری دیموکراتی خۆیان ئاواکرد، بەوشێوەیە پیلانەکان پوچەڵ بوونەوە.
تورکیا پاش ئەوەی بینی لە ڕێی داعشەوە پلانەکانی لە عێراق و باشووری کوردستان جێبەجێ نەکرێت، ڕاستەوخۆی لە مانگی کانونی یەکەمی 2015 هێزێکی سەربازی خۆی بەهاوکاری پارتی دیموکرات و بەشێک لە سونەکانی عێراق ناردەی ناوچەی باشیکی موسڵ و لەوێ جێگیری کردن، بەڵام هەر زوو عێراق ڕایگەیاند کە ئه و هێزە ناشەرعیەوە داوای کشانەوەی کرد و ڕێگەشی پێنەدرا بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ بکات، به و شێوەیە تورکیا لە عێراقدا خرایە دەرەوەی هاوکێشەکە و پاش داعش وەکیلەکانیشی لاواز بوون.
(ئامانجی دەوڵەتی تورک لە شەنگال)
دوێنێ یەکشەممە ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنی سەر شەنگالی ڕاگەیاند، دەتوانین ئامانجی ئه و ئۆپەراسیۆنە لەچەند خاڵدا ڕاڤە بکەن.
1- تورکیا هەمووی هێزی خۆی بەکاردەهێنێت کورد لە دیزاینی نوێی ناوچەکەدا جێگەی نەبێت.
2- هەوڵ دەدات ستاتۆی ئێستای باشووری کوردستانیش بخاتە ژێر داگیرکاری ڕاستەوخۆی خۆیەوە.
3- مۆدێلی خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوا کەلە شەنگالدا بەرجەستە بووە لەناو ببات و ئه و مۆدێلە کە بەهی پەکەکەی دەزانێت نەپەڕێتەوە باشوور.
4- هەوڵ دەدات کۆریدۆری کوردان لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا ببڕێت و پەیوەندی ئه و دووپارچەیە نەهێڵێت.
5- تورکیا هەوڵ دەدات لەڕێی لەشکرکێشی سەر شەنگال بەبەهانەی بوونی پەکەکە لەناوچەکەدا سەهلی نەینەوا داگیربکات.
6- هێرشەکانی خۆی له و سنورانەوە بۆسەر کانتۆنی جزیرە دەستپێبکات.
7- دەیەوێت پانتایی دەسەڵاتداری خۆی لەڕێی تورکمانەکانەوە لە تەلەعفەرەوە بۆ کەرکووک و لەوێوە بەره و تورکیا درێژبکاتەوە.
8- نایەوێت ئێزدییەکان بگەڕێنەوە شەنگال و ئه و شارە ئاوابکرێتەوە.
9- لەڕێی داگیرکردنی شەنگالەوە دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و چەتە و تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێ بکات.
10- لەڕێی ئەم هەوڵەوە مانەوەی هێزەکەی خۆی لە باشیک بپارێزێت، چونکە دوای موسڵ و بڕیاری کشانەوەی گەریلا لە شەنگال هیچ بەهانەیەک بۆ مانەوەی ئه و هێزە داگیرکەرە نەماوە.
11- پلان و پڕۆژەی ئەمەریکا لە عێراق تێکبدات.
بۆ هەموو ئه و خاڵانەش پارتی دیموکرات هاوکاری و پاڵپشتی تورکیایە.
(بڕیاری کشانەوەی گەریلا)
ڕاگەیاندی بڕیاری کشانەوەی گەریلاکانیان لەلایەن کەجەکەوە زەبرێک بوو لە پیلانە چەپەڵەکانی تورکیا، جگە لەوەش دەکرێت ئەم خاڵانەی تێدا بخوێنینەوە.
1- بەری بەشەڕێکی ماڵوێرانکەر گرت کە تورکیا لەسەر باشووری کوردستان بەتایبەت ئێزدییەکان ئامادەی کردبوو.
2- بەڕێکەوتنی پەکەکە لەگەڵ عێراق بەغداد بەفەرمی هێزی شەرڤانانی ئێزدی شەنگالی وەک هێزێکی ڕەسمی ناساند.
3- بەڕێکەوتنی پەکەکە لەگەڵ عێراق بەغداد بەفەرمی مەجلیسی خۆسەری دیموکراتی شەنگالی بەڕەسمی ناساند.
4- پەکەکە به و بڕیارەی عێراقی هێنایە بەرامبەر تورکیا و ناچاری کرد سەروەری وڵاتەکەی خۆی بپارێزێت.
لایەنێکی دیکەی ئه و شەڕەی تورکیا بەهاوکاری پارتی لەپلانیاندایە لەبەرامبەر شەنگال بیکات، ڕێگری کردنە لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان، هەرله و چوارچێوەیەدا ساڵی ڕابردوو هەردوو هێزەکە لە خانەسۆر هێرشیان کردە سەر شەرڤانان، چونکە له و دەمانەدا زۆرترین ئێزدی گەڕابوونەوە سەر جێ و واری خۆیان، بەپێچەوانەوە تورکیا و پارتی بەڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا و چەند وڵاتی دیکە هەوڵیانداوە ئێزدییەکان بەجیهاندا پەرش و بڵاوبکەن، چونکە بوونی ئێزدییەکان لە شەنگالێکی خۆسەردا بەمەترسی بۆسەر خۆیان دەزانن، ئێزدییەکانیش هێشتا ئه و کچ و ژنانەی خۆیان لەبیرنەکردووە کەلەلایەن ئه و دوو هێزەوە ڕادەستی داعش کران.
ئێستا جگە لە ئیدارەی خۆسەری شەنگال، ئێزدییەکان هێزێکی 3 هەزار چەکداری خۆیان هەیە کە دەتوانن بەباشی خۆیان و هەرێمەکەیان بپارێزن، لەڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەشدا هاتووە کە لەگەڵ کشانەوەشیان کۆمەڵگای شەنگال بەتەنها ناهێڵن هەرکات پێویست بێت دەیانپارێزن.
گەرچی هێشتا مەترسی ئه و شەڕە لەسەر باشوور ماوە، بەڵام مایەی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ تەواوی کۆمەڵگایی باشوور لە سیاسەتی داگیرکاری تورکیا تێگەیشتوون و ئامادە نین ڕادەستی بن، ماوەتەوە حزبەکان، ئەگەر تەنانەت بۆ مانەوەی خۆشیان بێت دەبێت خۆیان یەکلا بکەنەوە.
#26-03-2018#