دواڕۆژ، #زریان محەمەد# - ڕاپۆرت
درێژەکێشانی قەیرانی دارایی و بێبازاڕیی لەناو پێشانگەی ئۆتۆمبێلدا وایکردووە هاووڵاتیان گرنگی بە ژمارە تابلۆی جوان نەدەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.
لە ئێستادا ژمارەی (چواری و سیانی و دوانی)ی ئۆتۆمبێل بازاڕیان دابەزیوە و هاووڵاتیان زۆر گرنگی بە کڕینی ژمارەی تابلۆ نادەن، وەک ئەوەی ساڵانی پێش قەیرانی دارایی کە خواست لەسەر ئەو ژمارانە زۆربوون.
ئەردەڵان ئەحمەد، فرۆشیار و کڕیاری ئۆتۆمبێل لە پێشانگەکانی سلێمانی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەماوەی ڕابردوودا ژمارەی چواریی بە 3 هەزار دۆلار و بەرەوژوور فرۆشراوە بەپێی جوانیی ژمارەکە. ژمارەی سیانی-یش بە 2500 دۆلار یان شتێک کەمتر فرۆشراوە، ژمارەی دوانی-یش بە 50 هەزار دۆلار یان زیاتر فرۆشراوە. خەڵک هەبووە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی وەک ژمارەی چواریی مۆبایلەکەی لێکردووە و بە دوایدا گەڕاوە و پارەی زۆرتری پێداوە، بەڵام ئێستا بازاڕی ژمارەی ئۆتۆمبێل نەماوە و زۆر ئه و گرنگییەی پێنادرێت.
ئەردەڵان دەڵێت ئێستا ژمارەی چواریی هەیە بە 500 دۆلار یان 200 دۆلار یان هەر بە ئۆتۆمبێلەکەوە دەفرۆشرێت و گوێی پێنادرێت. ژمارەی سیانی و دوانیش نرخیان زۆر دابەزیوە و وەک جاران خەڵک لێی ناپرسێت.
پێش قەیرانی دارایی خەڵک هەبوو ئیشی ئەوەبوو ڕەقەمی ئەکڕی و ئەیفرۆشتەوە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک هەن تائێستایش بە دوای ژمارەی جوانی ئۆتۆمبێلدا دەگەڕێن، بەڵام ئەم کەسانەش زۆرنین.
باوەڕ سۆران، لەناو پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دەڵێت من ئۆتۆمبێلێکم هەبوو ژمارەکەی چواریی بوو، هەر بە ئۆتۆمبێلەکەوە فرۆشتم 200 دۆلارم وەرگرت لەبری ڕەقەمەکە، چونکە ئەبوایە لە هاتوچۆی سلێمانی مامەڵەی ئاڵوگۆڕی بۆ بکەم کە ئەوکات زیاتری دەویست، بۆیە وازم لێهێنا و ئۆتۆمبێلەکەم هەر بە ژمارەکەیەوە فرۆشت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێدانی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کردووە بە سیستمی کۆمپیوتەریی و هەر هاووڵاتییەک کە ئۆتۆمبێلی نوێ دەکڕێت خۆی دەستدەنێت بە کلیکی کۆمپیوتەرەکەدا و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی پێدەدرێت.
کاروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پێدانی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە سیستمی ئەلیکترۆنییە و بە کۆمپیوتەر دەدرێت بە هاووڵاتیان، هیچ ڕەقەمێک لەو سیستمە دەرناچێت و بەبێ جیاوازیی دەدرێت بە هاووڵاتیان، ژمارەی چواریی یان هەر ژمارەیەکی دیکە ئەگەر لەناو سیستمدا هەبێت ئەویش دەدرێت بە هاووڵاتیان.[1]
#27-03-2018#