دواڕۆژ، زریان محەمەد
پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لەماوەی یەک مانگدا توانیویانە چەندین کەس دەستگیر بکەن کە ئۆتۆمبێلیان دزیوە لەناو شاری سلێمانی بەشەوان.
ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لەسنوری پارێزگای سلێمانی 1341 چالاکی ئەنجامدراوە و 793 بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتباران جێبەجێکراوە.
وتیشی لەتاوانەکانی جۆری فێڵکردن و قۆڵبڕیندا 54 ڕووداو هەبووە و بکەرانی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
هاوکات ڕووداوەکانی تەقەکردن لەناو شاری سلێمانی 30 ڕووداو بووە کە 28 دانەیان تەقەکەرانی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە و 28 چەک دەستی بەسەردا گیراوە و 14 کەس دەستگیرکراوە کە ئۆتۆمبێلیان دزیوە شەوانە و 350 کەسی دیکە دەستگیر کراون کە دزییان کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات ئەو ئۆتۆمبێلانەی دزراون لەلایەن تاوانبارانەوە دەبرێن بۆ شارەکانی خوارووی عێراق یان هەڵدەوەشێندرێت و وەک سکراب پارچەکانی دەفرۆشرێت.[1]
#28-03-2018#