ڕۆژنیوز - دانا عومەر
جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردەو هەناردنکارانی هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات دەڵێت، دەتوانین بڵێین ئابوری تورکیا پشتی بە هەرێم بەستووە، دەشڵێت: بە بڕی 10 ملیارد دۆلار شەش هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا کاردەکەن.
هەرێمی کوردستان بووەبە ناوەندێکی سەرەکی بۆ ساغکردنەوەی کەرەستەکانی دەوڵەتی تورکیا، هاوکات بووە بە دەروازەیەکیش بۆ ناردنی کاڵای تورکی بۆ ناوڕاست و خواروی عێراق، ڕۆژنیوز لەم ڕاپۆرتەدا ئاستی بازرگانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەخاتەڕوو.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز و زانیارییەکانی شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیادا دەکرێت، هەروەها شەش هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بازرگانی لەگەڵ تورکیا دەکەن، تەنها لەشاری سلێمانی کە هاوسنووری تورکیاش نییە، دوو هەزار کۆمپانیا بازرگانی لەگەڵ تورکیادا دەکەن، بازرگانانی سلێمانی ساڵانە بەقەبارەی 4 ملیار دۆلار بازرگانی لەگەل تورکیادا دەکەن.
شێخ عەتا محەمەد، دەڵێت:ئاستی بازرگانی لەگەڵ تورکیادا لە ئاستێکی بەرزدایە، دەتوانم بڵێم تورکیا پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستێت بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئابوورییەکەی، هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 10 ملیار دۆلار بازرگانی لەگەڵ تورکیادا هەیە.
وتیشی:ئەگەر بازرگانەکان بایکۆی کاڵای تورکیا بکەن، شوێنی تر هەیە کە کاڵای لێوە هاوردە بکەن، دەتوانن، ئەوکاتە هاوڵاتیانیش دەتوانن کاڵای تورکی نەکڕن و لەبری ئەوە کاڵای وڵاتانی دیکە بەکار بهێنن.
ئەو کاڵاو خواردەمەنیانەی لە تورکیاوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بریتین، لە کەرەستەی بیناسازی و پۆشاک و کەلوپەلی کارەبایی و خواردەمەنی، لەگەڵ کەرەستەی خام.
عومەر مستەفا، کە فرۆشیارێکی کەرەستە وشکەکانی خواردەمەنییە لە نێو بازاڕی سلێمانیی، بە ڕۆژنیوزی وت:ئەو کەرەستانەی من دەیفرۆشم 5%ی لەوڵاتی تورکیاوە دێت، لە بازاڕدا خواردەمەنی باشتر و هەرزانتر لە خواردەمەنییە تورکییەکان هەیە، هاوڵاتیان دەتوانن بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن لەبەر ئەوەی تورکیا دژی کوردە و ئێمەش دەبێت دژیان بوەستینەوە.
هەروەها تاهیر ڕەشید، هاوڵاتیەکی شاری سلێمانی بوو، بە ڕۆژنیوزی وت:خەڵکی کوردستان دەبێت بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن، هەروەها حزبە کوردییەکان دەبێت هەلوێستیان هەبێت بەرامبەر بە تورکیا، تورکیا دوژمنایەتی کورد دەکات، بۆیە هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت لەڕێگەی خۆیەوە بایکۆتی کاڵای تورکی بکات.
نەریمان ڕەفیق، فرۆشیاری خواردەمەنییە لە قتونراوەکان بوو لە بازاڕی شاری سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت:دەتوانم بڵێم 75%ی ئەو کاڵایانەی دەیفرۆشم کاڵای تورکییە، ئەوانی تریش لە وڵاتی میسر و ئێران و هۆڵنداو سعودیە دێن، هەرچەند لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیادا زەرەرمەندی یەکەم ئێمەین، بەڵام پێویستە سنوورەکان دابخرێت کاڵای تورکی نەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
وتیشی:وەک وەفایەک بۆ عەفرین و کوردستان، پێویستە کاڵای تورکی بایکۆت بکرێت، ئێستا چەند کەسێک هەیە هەر کاڵای تورکی ناکڕن، هەروەها لە بازاڕدا کاڵای باشتر و هەرزانتر لە تورکی هەیە.
شێخ سامی محەمەد، یەکێک بوو لەو هاوڵاتیانەی کە کڕینی کاڵای تورکی بایکۆت کردووە، بە ڕۆژنیوزی وت:ئەگەر نیشتیمان پەروەری مابێت، پێویستە کاڵای تورکی بایکۆت بکرێت، هەروەها کوردیش پێویستە یەکبگرێت، بە یەکگرتن سەردەکەوین، من جاران کاڵای تورکی-م دەکڕی، بەڵام ئێستا نایکڕم، لەبەر ئەوەی مرۆڤ ئەگەر ویژدانی هەبێت دەبێت نەیکڕێت.[1]
#29-03-2018#