دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
نەقیبی #سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان# ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتەسەر ڕۆژنامەنوسان، ئەندامێکی ئەنجومەنی داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنوسانیش دەڵێت لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مووچەخۆران هێزە ئەمنییەکان 16 پێشێلکاری و توندوتیژیان دژی ڕۆژنامەنوسان ئەنجامداوە.
ئازاد حەمەد ئەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئازاری2018 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایان و فەرمانبەران لە میانەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانیان داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە کە لابردنی پاشەکەوتی مووچە یە.
وتیشی وەک هەموو جارەکان ڕۆژنامەنوسان بوونە قوربانی و پێشێلکارییان بەرامبەر کراوەو، ئەمجارەش جگە لە بردنی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکان، مۆبایلی خودی ڕۆژنامەنوسەکانیشیان بردووە، کە ئەوانە پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وەزارەتی ناوخۆو دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان بکەن و ئه و پێشێلکارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کراوە دەبێت بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و سەرجەم کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕادەست بکرێنەوە.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە سیاسییەکان سواری مافی ڕەوای خەڵک بوون و بۆ مەرامی خۆیان ناڕەزاییەکانی خەڵکیان بەکارهێنا.
ئاشکراشیکرد، تیمێکی خۆبەخشی پارێزەرانیان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەوانەی هێرشیان کردووەتەسەر ڕۆژنامەنوسان.
دواتر محەمەد ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان ئاماری پێشێلکارییەکانی خستەڕووو وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆمەڵێک پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە کە خۆی دەبینێتەوە لە 16 پێشێلکاری و توندوتیژی.
ناڕەزایی خۆشیان دەربڕی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکان و ئەوانەی هێرشیان کردووەتەسەر پەیامنێران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.[1]
#29-03-2018#