سوپای تورکیا بە ئامانجی دوورخستنەوەی هێرشی #پەکەکە# بۆ سەر سنوورەکانی، بە قووڵایی نزیکەی 17 کیلۆمەتر سێ قەڵای سەربازیی لەنێو خاکی باشووری کوردستان دادەمەزرێنێت، بەڕێوەبەری شارۆچکەی #سیدەکان#یش ئاشکرای دەکات نزیکەی هەزار سەربازی تورکیا لە ناوچەکە جێگیرکراون و نیازی گەڕانەوەیان نییە.
سوپای تورکیا چووەتە نێو گوندی ئێشمەی سنووری قەزای #سۆران# و لە بەرزاییەکانی گوندەکە جێگیربووە. خەڵکی گوندەکه بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری خەریکن، بەڵام لە کار و کاسبی بوونە و تەنانەت ناتوانن ئاژەڵەکانیشیان لە گوند ببەنە دەرەوە.
گوندنشینێک بەناوەی سیروان چاوشین دەڵێت: دەست و پێمان بەستراوە، هەر چوار دەورەمان سەربازی تورکیایە. تەنانەت ناتوانین ئاژەڵەکانمان لە گوند دوورخەینەوه و کشتوکاڵ بکەین.
تورکیا لە گوندی ماوانی باکووری کوردستانەوە سەرقاڵی لێدانی ڕێگای ئۆتۆمبێلە بە ئاراستەی چیای کتکین. لووتکە شاخەکان دەڕوانە تەواوی دەشتی بەرازگر.
هاونیشتمانییەک بەناوی سەرباز کەریم دەڵێت: سوپای تورکیا چەند ڕۆژێکە خەریکی کارکردنە بۆ لێدانی ڕێگای ئۆتۆمبێل، بۆئەوەی بە ئاسانی تانک و زریپۆش بگەیێنێتە بەرزاییەکان، قەرەقۆڵیس لە بەرزاییەکان دروستدەکات.
بەر لە هاتن فڕۆکەکانی تورکیا سنوورەکەیان بۆردوومانکرد. لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەش ڕووبەڕووی یەک بوونەوە، ئێستاش قەڵای سەربازییان بە قووڵایی 16 کیلۆمەتر لە باشووری کوردستان دروستکردووە.
ئیحسان چەلەبی، بهڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بە ڕووداوی گوت: تورکیا زیاتر لە هەزار سەربازی هێناونەتە ناوچەکە بە چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی، نیازی کشانەوهی نییه و سەرقاڵی دروستکردنی سەربازگەیە لە ناوچەکان.
رۆژی 10ی ئازاری 2018 تورکیا لە ڕێگەی هێڵی کۆپتەرەوە سەربازاکانی لیوای سێی پیادەی سەر بەفەرماندەیی فیرقەی 34ی سنوورپارێز لە شارۆچکەی گەڤەرەوە گواستنەوە بەرزاییەکانی برادۆست لە سنووری پارێزگای هەولێر.[1]
#31-03-2018#