بەهۆی قەیرانی دارایی و پاشەکەوتکردنی موچەکانیان، لەماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2018 بە هەزاران فەرمانبەرو موچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم چین و توێژەکان لە کارەکانیان دابڕاون یاخود موڵەتی بێ مووچەیان وەگرتووە و بەشێکیشیان بە تەواوی دەستیان لەکارهەڵگرتووه و چوونەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو ساڵی 2014 و 2015، 2016، 2017، زیاتر لە 5 هەزار و 386 پزیشک و کارمەندی تەندروستی و کارگێڕی وازیان لە کارەکانیان هێناوە (کۆتایی بە ڕاژەکەیان هاتووە) یاخود مۆلەتی بێ موچەیان وەرگرتووه و خانەنشینکراون له و ڕێژەیەش (1759) یان پزیشک و دەرمانسازو پزیشکی ددان بوون، (1772) یان کارمەندی تەندروستی بوون، (2011) یان کارمەندی کارگێڕی بوون.
د. خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ژمارەی پزیشک و کارمەندی کارگێڕی و تەندروستی دابڕاو لە کارەکانیان بەهۆی وازهێنان یاخود مۆڵەتی بێ موچە بە بەراورد بە ساڵانی سەرەتای قەیران ڕێژەکە دوو هێندە بۆتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوه دەکات، شوێنی زۆربەی ئه و کەسانە بەتایبەت پزیشکان بە چۆڵیی ماوەتەوه و دواجار کێشەی میلاک لەوەزارەتی تەندروستی دروست بووه و دۆخی کەرتی تەندروستی بەرەوخراپیی دەبات.
ئەوەشدەخاتەڕوو، لە ئێستادا پێدانی مۆڵەتیان بۆ پزیشک و کارمەندان سنووردار کردووه و داواشیان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە لە بری ئه و کەسانە پزیشک و کارمەندی تریان بۆ دابمەزرێنن.
ناوبراو، وتیشی بەشێکی زۆری ئه و پزیشک و کارمەندانەی وازیان هێناوە ڕوودەکەنە کەرتی تایبەت یاخود دەرەوەی وڵات.
بەپێی ئه و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون، لەماوەی ساڵەکانی 2016 بۆ کۆتایی 2017 زیاتر لە 518 مامۆستای زانکۆ، لە تەواوی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووە، بەشێوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین 130 مامۆستا، سلێمانی 130، دهۆک 77 ڕاپەرین 5، سۆران 13، گەرمیان 10و لەکۆیە 22، هەڵەبجە 10، پزیشکی هەولێر 4، چەرموو 2، پۆلەتەکنیکی سلێمانی 15، پۆلەتەکنیکی هەولێر 62، زاخۆ 17، پۆلەتەکنیکی دهۆک 17 مامۆستا بوون.
لای خۆیەوە شوکریە شێخانی، ئەندامی لیژنەی پەروەرده و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، ئه و مامۆستایانەی زانکۆ کە لە کارەکانیان دابڕاون، هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی بووه و بەشێکیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و بەشێکیتریان لە زانکۆ ئەهلییەکان بەشێوەی خواستن وانە دەڵێنەوه و هەندێکیان بەهۆکاری جیاواز مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووە.
هەربەپێی ئامارەکان لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی زیاتر لە 13 هەزار مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە داوای مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە و له و ڕێژەیەش 3 هەزاریان ڕەزامەندی مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووە.
هەربەپێی ئامارەکان لە خوێندنی ساڵی (2016 - 2017) زیاتر لە 150 هەزار قوتابی و خوێندکار لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەرنەچوون لە قۆناغەکانی خۆیان ماونەتەوە و زیاتر لە 13 هەزار قوتابی و خوێندکاریش لە قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی وازیان لە خوێندن هێناوە.
رێکخراوی یونیسێفیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات، بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق خوێندن لەلای هاووڵاتیان گرنگی نەماوە، بەشێک لە قوتابیانیش وازیان لە خوێندن هێناوە.
پیتەر هاوس، بەڕێوبەری ڕێکخراوی یونیسێف لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی قەیرانەوە ڕێژەیی دەرنەچوون، لە قۆناغەکانی خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، ڕەوشەکە بەشێوەیەکی لێهاتووە لای هاووڵاتیان خوێندن هیچ بەهایەکی نەماوە.
پیتەر هاوس، دەشڵێت هیچ ڕاپۆڕتکیان لەبارەی سەرکەوتن و شکستی خوێندن لە بەردەستدا نییە، هەروەها ڕاپۆرتی ڕوون نین لەبارەی کوالیتی خوێندن.
رۆژی 1ی کانونی یەکەمی پارساڵیش پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا 3 هەزار مامۆستا مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووە.
شوکریە شێخانی، وەک ئەندامێکی لیژنەی پەروەرده و خوێندنی باڵا، ڕوونیکردەوە، سێ ساڵی ڕابردوو قەیرانی دارایی هەردوو پڕۆسەی پەروەرده و خوێندنی باڵای بە تەواوی بردۆتە پاش، چونکە جگه لەوەی کاریگەری لەسەر مامۆستایان هەبوو، لەهەمانکاتدا قوتابیانیش بوونە قوربانی بەهۆیەوە هەزاران کەس وازیان لە خوێندن هێناوە.
وتیشی بەهۆی ئه و قەیرانانەی هەرێمی گرتۆتەوە پرۆسەی خوێندن لە ئەمساڵدا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە مەترسی زۆری لەسەرە.[1]
#03-04-2018#