داخرانی ڕێگە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، بەمەش بازرگانان و شۆفێرانی ئەو دەروازەیە لە هەردوو دیوی باشوور و باکووری کوردستان، بە زەرەرمەندی سەرەکی لەقەڵەمدەدرێن.
شۆفێرێکی باکووری کوردستان دەڵێ، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەو کرێیەی وەریدەگرن کەمترە لەو خەرجییەی دەیکەن، ئابووریناسێکیش پێیوایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پێویستە ڕێساکانی گومرگی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل هەمواربکرێنەوە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەڕێژەی 20% لە مانگی ڕابردوو کەمی کردووە. زیاتر لە سێ هەزار بازرگان کەلوپەل لە تورکیاوە هاوردەی باشووری کوردستان و عێراق دەکەن، زیادبوونی باج و دانانی بازگە، بەگوتەی ئەوان گورزێکە و بووەتە هۆی لاوازبوونی ساخکردنەوەی کەلوپەلی تورکیا لە بازاڕەکانی عێراقدا.
رێژەی 25%ی کەلوپەلی هاوردەکراوی تورکیا بۆ عێراق، لە سنووری باشووری کوردستان ساخدەکرێتەوە و ڕێژەی 75%یشی دەچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەحمەد سلێمان سەفار، ئابووریناسە و دەڵێ دەبێت پێداچوونەوە بە سیستەمی گومرگ بکرێت، چارەنووسی هەر خاڵێکی سنووری لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە دەوەستێت، کە پێشکەشی دەکەن. هەتاوەکو سنوورەکە باشتر بێت و باج و خەرجیی کەمتر بێت، چالاکی تێیدا زیاتر دەبێت.[1]
#07-04-2018#