ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی 10 سەربازی سوپای تورکی لە #دەرسیم# و #جۆلەمێرگ# و #سێرت#، ڕاگەیاند.
کەمێک لەمەوبەر، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، دەربارەی دوایین دۆخی سنوورەکانی شەڕ لە باکوری کوردستان و چالاکی گەریلاکان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە:31ی مانگی ڕابردوودا، سوپای تورک بە بەشداری چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەری کوبرا، لە سنووری دەرسیم ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، لەبەرامبەردا گەریلاکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید ڕۆزا دەرسیم و شەهید ئۆزن-دا، دوو یەکینەی سوپای تورکیان کردە ئامانجی چالاکییەک، بەپێی ئەوەی ڕوون و ئاشکرا بووە لامان، هەشت سەربازی سوپای تورک کوژراون و چەندین سەربازیش برینداربوون.
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە:لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەڤاڵمان 'ڕۆزەرین'، کە برینداربووە لە شەڕەکەدا، بۆئەوەی نەکەوێتە دەست دووژمن بۆمبێکی بەخۆیدا تەقاندووەتەوەو شەهیدبووە، لەهەمان شوێندا شەڕ بەردەوانی پێدرا و دوو هەڤاڵی دیکەمان کە بە قارەمانانە بەرخۆدانیان کرد و شەهیدبوون، لەو شەڕدا سوپای تورک ناچارکرا پاشەکشەبکات.
دەربارەی شەڕ لە قۆڵی چەلێی جولەمێرگەوە، هەپەگە ڕایگەیاند: گەریلاکانمان دوێنی 6ی نیسان، لە دژی یەکینەیەکی سوپای تورک چالاکییەکیان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا ئەوەی ئاشکرا بووە، دوو سەربازی تورک کوژراون و سەربازێکیش برینداربووە.
دەربارەی پێکدادانەکانی سنووری سێرت، هەپەگە ڕایگەیاندووە: گەریلاکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانی بەستا-ی هەرێمی بۆتان، لە 30ی مانگی ئازاردا لە دەوروبەری دەڤەری چیای ڕەش-ی سەر بە سێرت، دژی یەکینەیەکی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هێزەکانی سوپای تورک گورزێکی کوشندەیان بەرکەوتووە، ڕۆژی دواتر لە هەمان شوێن شەڕێکی سەخت بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا چەندین سەربازی تورک کوژران و هاوکات دوو هەڤاڵمان شەهید بوون و گەشتوونەتە کاروانی نەمران.[1]
#07-04-2018#