$باکووری کوردستان$
- هەشت ناوچەی پارێزگای #ئاگری#ی باکووری کوردستان، فێستیڤاڵێکیان بۆ نیشاندانی بەرهەمە خۆماڵییەکانیان ئەنجامدا.[2]
- هێزەکانی گەریلا لە ناوچەی لێلکان لە باشووری کوردستان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر چالاکییان ئەنجامدا. بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان، چالاکییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ و لە کاتژمێر 17:40 خولەکەدا لە گردی کەڤۆرتێ ئەنجامدراوە. گەریلا لە ماوەیەکی کەمدا زیانی گەورەیان لەو سەربازانە دا، کە لە کونێکدا خۆیان حەشاردابوو. ئاماژی بەوەدەکرێت، لەو چالاکییەکدا بەلانیکەمەوە 8 سەربازی سوپای تورکیای داگیرکەر کوژراون.[5]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- بەهۆی تەرزە و بارانبارین لە 15 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوێنێوە لە هەندێ ناوچە لافاو هەستاوە و ئاو شەقام و ڕێگاکانی گرتووەتەوە، ئەمەش کێشەی هاتووچۆی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە.[2]
- پاش داخستنی دەروازە سنوورییەکان بۆ هاتووچۆی کاسبکاران و گواستنەوەی کاڵا، هەروەها بەرزبوونەوەی باجی گومرگ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، ئەمڕۆ دووکاندارانی #بانە# و #جوانڕۆ# مانیان گرت و دووکان و بازارییان داخست.[3]
$باشووری کوردستان$
- تەرمی سێ براکەی شیلادزێ کە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بۆردوومانی تورکەوە کۆمەڵکوژکران، بەخاک سپێردران.[4]
- پاسەوانی دادوەرەکان لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی #هەولێر# خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوادەکەن سیستەمی نوێی پاشکەوتی مووچە ئەوانیش بگرێتەوە.[1]
- ئەو پزیشک کارمەنداندانەی کە ناویان بۆ دامەزراندن لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی کیمیایی #هەڵەبجە# گەڕاوەتەوە، گردبوونەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان کرد سەبارەت بە نەکردنەوەی نەخۆشخانەکە.[3]
- بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت درەنگانی شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی #سۆران#ی سەر بە پارێزگای هەولێر ئاسایشی پارتی بارەگای جوڵانەوەی #نەوەی نوێ#ی لە شارۆچکەکە داخست.[3]
- کاتژمێر 5:30 ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەک لەنزیک پێشانگەی ئۆتۆمبێلەکان لە گەڕەکی خەزرای شاری #کەرکووک# ڕویدا. کردەوە تیرۆریستییەکە لەرێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و بەپێی زانیاریی لە سەرچاوە تەندروستیەکانەوە، کەسێک کوژراوە و 5 ی دیکەیش برینداربوون، 2 ئۆتۆمبێلێش سوتاون.[1]
$رۆژئاوای کوردستان$
- گروپێکی پێکهاتوو لە 4 چەتە هەوڵیاندابوو هێرش بکەنە سەر خاڵێکی پشکنینی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، بەڵام شەڕڤانان ئەو هەوڵەیان بۆ ئەنجامدانی هێرش تێکشکاند. بەو هۆیەوە چەتەیەک کوژراو و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازی منبجیش بۆ دەستگیرکردنی 3 چەتە هەڵهاتووەکەی تر، دەستیان بە کێوماڵێکی فراوانی ناوچەکە کردووە.[5]
$دەرەوەی کوردستان$
- شەوی ڕابردوو، لە پارێزگای حەلەبی سووریا تەقینەوەیەکی گەورە لە بنکەیەکی سەربازیی ئێراندا ڕوویدا، بەهۆیەوە 20 ئەفسەر کوژران و ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر و سەربازیش برینداربوون.[2]
- یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، کە کێشەی کورد یەکێکە لە گرنگرتین پرسەکانی تورکیا، هۆشداریشی داوەتە ئەنقەرە، کە بەشێوەیەکی سنووردار بۆ ڕووبەڕووی #پەکەکە# بجوڵێتەوە.[3]
- یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی ئاوارتەی گەنجانی کورد لە ئەوروپا کە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.[5]