بەیاننامەیەک لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە
گەلی کوردستان و تەواوی گەلانی عێراق لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیموکراتی نوێدان کە خۆی لە هەڵبژاردنەکانی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبینێتەوە، ژنانیش ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەشداریکردن و لە کاندیدەکان پێکدەهێنن، ڕۆژی یەکشەممە 15-04-2018 هەڵمەتی بانگەشەی قەوارە سیاسییە بەشداربووەکان و کاندیدەکان لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
جێگەی داخە کاندید و پاڵێوراوە ئافرەتەکان زۆرجار دەبنە ئامانجی توانجی نابەجێ و تەنانەت لە هەندێ حاڵەتیشدا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ڕووبەڕووی تەشهیر و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوادەبنەوە.
لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی، ئێمە وەک ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەدەین لە هەر سوکایەتی پێکردن و تەشهیر و تۆمەتبارکردنێکی ژنە کاندیدکراوەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
ئامادەین وەک بەرگریکاربین و سکاڵا لەسەر هەر کەس و لایەنێک تۆماربکەین کە تەشهیر و سوکایەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەوە بە ژنان بکات.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
#14-04-2018#