دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و کۆتایی وەرزی زستان، هەمیشە وا باوە کە لە وڵاتی تورکیاوە بۆ ئەوروپا کۆچی گەنجان دەستپێدەکاتەوە، لەکوردستانیشەوە گەنجان بەرەو تورکیا دەڕۆن و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
ئاری جەلال، سکرتێری فیدراسۆنی پەنابەرانی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لەناوەڕاستی مانگی ئازارەوە کۆچکردنی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە بەراورد بە سێ مانگی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی تورکیا ناونوسکراون زیاتر لە نۆ هەزار هاووڵاتی بەشێوەیەکی یاسایی بۆ تورکیا ڕۆیشتون.
ڕاشیگەیاند ئەو پەنابەرانەی دەگەنە تورکیا لە کەناراوەکانەوە خۆیان گەیاندوەتە وڵاتانی یۆنان – بولگاریا – ئیتالیا و ڕۆمانیا، ڕێژەیەکی مەترسیدارە پێشبینیدەکرێت بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەناوچەکە دەگوزەرێت هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەیان هەزار هاووڵاتی عێراقی کۆچبکەن.
لەبارەی کۆچی کچانەوە بەتایبەتی لەئێستادا دەڵێت بەڵێ لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا چەندین کەیس تۆمارکراون لە فیدراسیۆنی پەنابەران کە هاوکاری و ڕێنوێنییان پێشکەشبکرێت، دوای لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکانیان بەمەبەستی پشتگیریکردنیان تۆمارکراوە کە کەسانی سەڵت یان خێزان بوون و بەبێ سەرۆک خێزان کۆچیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشدا هەندیک کچ بێ پرسی کەسوکاریان ڕۆیشتون و کۆچیانکردووە، خیزانیش هەیە ڕۆیشتووە تەنها ژن منداڵەکانن، پیاوەکە هەر ئاگاداریش نەبووە لەکۆچی ژن و منداڵەکانی.
قاچاخچییەک کەکاری بردنی نەفەر دەکات بۆ وڵاتی تورکیا ئەو نایەوێت ناوی بهێنین بەدواڕۆژی ڕاگەیاند گەنجان ڕۆژانە پەیوەندی دەکەن لەسەر پێدانی ڕێنمایی و زانیاری لەسەر چۆنێتی گەشتکردنیان بۆ ئەوروپا، ڕۆیشتنی گەنج لەسلێمانیەوە بۆ تورکیا ئاسانە خۆیان دەڕۆن، ئێمەش لە تورکیاوە قاچاخچی دیکەمان هەیە ئەو کەسانە دەنێرینە لایان لەوێ ئەو ڕێگایانەیان پێدەوترێت کە دەتوانن لێی بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ڕاشیگەیاند بە ئاودا ڕێگە هەیە، بە پێ ڕێگە هەیە بە ئۆتۆمبێل ڕێگە هەیە بە فڕۆکەخانە، هەریەکە لەو ڕێگایانە نرخیان جیاوازە، چونکە ڕێگەی ئاو هەیە بە یەختە، پارەکەی لە شەش هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات، ڕێگەی ئۆتۆمبێل بۆ یۆنان هەیە بە پێنج هەزار دۆلار ڕێگەی پێ هەیە، ئەوە پارەکەی لە سێ هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات، ڕێگەی فڕۆکەخانە هەیە کە ئەوەش بۆ ئەوروپا 18 هەزار دۆلاری لێ وەردەگیرێت.
لەبارەی ڕۆیشتنی کچانەوە دەڵێت ڕۆیشتنی کچان بەو شێوەیە نیە کە بڵێت وەک کوڕ کۆچبکەن، چونکە کۆچکردن بۆ ئافرەت قورسترە کێشەیان زۆرتر ڕووبەڕوو دەبێتەوە و توانای زۆریشیان نابێت لەکاتی کێشە و گرفتەکاندا، بەڵام جار جاریش ئافرەت هەیە بەتەنیا بۆ ئەوروپا کۆچ دەکات.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا گەنجان ڕوو لەکۆچی نایاسایی دەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت لەوەرزی بەهار و هاویندا بەهۆی باشبونی کەشوهەوا لەتورکیا و وڵاتانی ئەوروپا کە سەرما و سۆڵە نامێنێت.[1]
#15-04-2018#