ساڵح قادر و ناسر عەلی
رووداو – #هەولێر#، #دهۆک#
لەنێو ناڕەزایی خەڵکی کوردستاندا لە گەندەڵی و کێشەی مووچە، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد کە بە ملیۆنان دۆلار پارەی بۆ تەرخان کراوە. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 لیست کێبڕکێ لەسەر 44 کورسی دەکەن، بەڵام ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە جیادەکاتەوە، کێبڕکێی چەند لیستێکی عەرەبییە لە پارێزگاکانی کوردستان کە کاندیدەکانیان کوردن. بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، #سلێمانی# – هەڵەبجە و دهۆک) 52 کەس خۆیان لەسەر چوار لیستی عەرەبی پاڵاوتووە.
$هەولێر: 19 لیست و 161 کاندید$
لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 لیست کە 161 کاندیدیان لەخۆگرتووە، کێبڕکێ لەسەر 15 کورسییەکەی هەولێر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن کە لە هەڵبژاردنی ساڵی (2014) دا پارتی 7 کورسی و یەکێتی 4 کورسی و گۆڕان دوو کورسی و کۆمەڵ دوو کورسییان برد.
یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، زۆرترین کاندیدیان هەیە کە هەر یەکەیان 30 کەسی لە پارێزگای هەولێر بەربژێر کردووە. دوای ئەوانیش نەوەی نوێ دێت کە 15 کاندیدی هەیە. لە کۆی 19 لیستەکەی پارێزگای هەولێر، تەنیا یەکێکیان لیستێکی سەربەخۆیە، ئەویش مامۆستایەکی زانکۆیە بەناوی نەسرەت سابیر خۆشناو.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا کورسییەک بۆ کۆتای مەسیحییەکان لە پارێزگای هەولێر دانراوە کە حەوت لیست کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن، بە هەر حەوت لیستەکەش 13 کاندیدیان هەیە. هەروەها تورکمانەکانیش لیستێکیان هەیە کە لە پێنج کاندید پێکهاتووە.
لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئێستای ئیئتیلافی نیشتیمانی کە ئەوکات ناوی (عێراقیە)بوو، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لیستی هەبوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لە هەولێر 6 کاندیدی هەیە، بەڵام ئەمجارە دوو لیستی دیکەی عەرەبیش لە هەولێر هەن: ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی و لیستە عەرەبییەکەی دیکەش لیستی تەیاری نیشتیمانیی عەشایرییە لە عێراق کە 6 کاندیدیان لە هەولێر هەیە.
عەبادی چاوی لەوەیە دەنگە ناڕازییەکان هەرێمی کوردستان بۆ خۆی ببات. ڕەنگە بابەتی گەرمی پروپاگەندەی کاندیدەکانیشی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بێ .
$سلێمانی: 213 کاندید بۆ 12 لیست$
پێدەچێ پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەرمترین بانگەشە بەخۆیەوە ببینێ ، بەو پێیەی دوو قەوارەی نوێ لە هەناوی حیزبەکانی سلێمانیدا لەدایکبوون، ئەوانیش هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح، هەروەها نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید. ئەوان بەر لە وادەی کۆمسیۆن دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد، یەکێتی هەر زوو هۆشداری دایە بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سکرتێری یەکێتی کە ئەوەی بۆ نەوشیروان مستەفا چووە سەر بۆ ئەو ناچێتە سەر، وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو.
گۆڕانیش کە ترسی لەوە هەیە نەوەی نوێ بەشێکی دەنگە ناڕازییەکان ببات، هەر زوو لە ڕێگەی کەی ئێن ئێنەوە کە خۆیان بە تۆپخانەکەی گۆڕان ناوی دەبەن، هێرشیان کردە سەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بە سەرمایەدارێکی هەڵتۆقیو وەسفیان کرد.
لە 12 لیستەکەی سلێمانی لیستی یەکێتی و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری زۆرترین کاندیدیان هەیە کە ئەویش 36 کاندیدە، هەروەها پارتی 30 کاندید و نەوەی نوێ 24 کاندید و گۆڕان 22 کاندیدی هەیە. حیزبی شیوعی کوردستانیش کە پێنج کاندیدی هەیە، هەر پێنج کاندیدەکەی ژنن.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە سێ لیستی عەرەبی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن، ئەوانیش: ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم کە 17 کاندیدی هەیە، هەروەها ئیئتیلافی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 9 کاندیدی هەیە، هەرچی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئەیاد عەلاوییە، سێ کاندیدی هەیە.
پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 18 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە، لە هەڵبژاردنی 2014دا بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین کورسی پارێزگاکەی برد کە 7 کورسی بوو، هەروەها یەکێتی 6 کورسی، پارتی 2 کورسی، یەکگرتوو 2 کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش یەک کورسی برد.
ژمارەی کاندیدی لیستە عەرەبییەکان لە کوردستان
|
|
|
|
$دهۆک: 117 کاندید و 17 لیست$
هەرچەندە دهۆک بە زۆنی زەرد ناسراوە، بەڵام ڕکابەرەکانی پارتی کێبڕکێیەکی توند لەسەر دەنگی ئەو پارێزگایە دەکەن، لەو پارێزگایە کە عەشیرەت و کەسایەتیی ڕۆڵیان هەیە لە ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەران، حیزبەکان پەنایان بۆ بردوون، تەنانەت لە ماڵێکدا سێ برا لە سێ لیستی جیاواز کاندیدکراون.
لە سنووری پارێزگای دهۆک 117 کاندید لەناو 17 لیست کێبڕکێ لەسەر 11 کورسییەکەی پارێزگاکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن. هەر یەک لە پارتی و یەکێتی 22 کاندیدیان لە دهۆک هەیە، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 19 کاندید، یەکگرتووش کە لە دوای پارتی هەمیشە دەنگی دووەمی پارێزگای بردووە 17 کاندیدی هەیە.
لە پارێزگای دهۆک، کێبڕکێی توند لە نێوان پارتە مەسیحییەکان هەیە و حەوت لیستی مەسیحی کێبڕکێ لەسەر تاکە کورسیی کۆتای مەسیحییەکان دەکەن و 13 کەس خۆیان بۆ ئەو کورسییە پاڵاوتووە.
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، لەم هەڵبژاردنەدا ئەیاد عەلاوی لە دهۆک لیستی نییە کە پێشتر چاوی لە دەنگی مەسیحییەکانی ئاوارەی دهۆک بوو. بەڵام حەیدەر عەبادی لیستێکی 6 کەسی لە دهۆکیش هەیە.
ناسر تۆفیق ڕەشید، ناسراو بە ناسر بەگ بەرواری کە سەرۆکایەتی لیستەکەی عەبادی دەکات لە دهۆک، بە (رووداو)ی گوت: پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ عەبادی لە ئێران بە یەکەوە بووین، زۆر سەرسامم بە کار و پرۆژەکانی، بۆیە سەرۆکایەتی لیستەکەی ئەوم لە دهۆک لە ئەستۆ گرت.
ناسر بەگ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغدا عەبادی بینیوە، باس لەوە دەکات کە عەبادی بەڵێنی زۆری پێداون و دەڵێت بەڵێنی پێداین مووچەی پێشمەرگە بنێرێ و ڕێگاوبانەکانی دهۆک چاک بکات.
بەرواری ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نووسینگەیەکی هاوپەیمانی نەسر لە دهۆک دەکرێتەوە و گوتی: دوو کەسی نزیک لە عەبادی هاتنە دهۆک و پارەیەکی باشیان بە ئێمە داوە بۆ کردنەوەی نووسینگە، عەبادی بەڵێنی داوە پارەیەکی باش بۆ کاندیدەکانمان خەرج بکات.
سەبارەت بە پێشبینیەکانیان بۆ دەنگی هاوپەیمانیی نەسر، بەرواری گوتی: ناڵێم چەند کورسی دەهێنین، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆربەی دەنگەکانی پارێزگای دهۆک دەبەین.
بەرپرسێکی پارتی بەدووری زانی لیستەکەی عەبادی لە دهۆک دەنگ بهێنێ . عیسمەت ڕەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی بە (رووداو)ی گوت: ئەوان دەنگ ناهێنن، ئەوانەشی خۆیان کاندید کردووە، تەنیا مەبەستیان وەرگرتنی پارەیە لە عەبادی. گوتیشی: عەبادی پارەیەکی باشی پێداون بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتوبڵاو بکەن.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا لە کۆی 11 کورسییەکەی پارێزگای دهۆک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی 8 کورسی بردبوو، هەروەها یەکگرتوو دوو کورسی و یەکێتیش یەک کورسی.
$شیعە لە #کەرکووک# بە تەمای کورسین$
لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، قسەی یەکەم و دوایی لە کەرکووک شیعە دەیکات، لە حیزبە کوردییەکانیش پارتی بایکۆتی کردووە، حیزبەکانی دیکەش گلەیی ئەوە دەکەن کە حەشدی شەعبی ڕێیان پێ نادات بە ئارەزووی خۆیان بانگەشە بکەن. شیعە کە لە سێ خولی ڕابردوودا هیچ کورسییەکی لەو شارە نەهێناوە، ئەمجارە چاوی لە کورسییە لەو پارێزگایە.
ئەگەرچی کورد لەو پارێزگایە بە پێنج لیست و هاوپەیمانییەک بەشداری کردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە زەحمەتە کورد کورسییەکانی ڕابردوو بهێنێتەوە. کورد پێشتر لە کۆی 14 کورسی، 8 کورسی هەبوو (یەکێتی 6 کورسی و پارتی 2 کورسی).
بەڵام ئەمجارە زۆربەی لایەنە شیعییەکان لە کەرکووک لیستیان هەیە، لەوانەش هاوپەیمانیی فەتح (24 کاندید)، ڕەوتی حیکمە (20 کاندید)، هاوپەیمانیی نەسر (24 کاندید) و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق (24 کاندید).
تورکمانیش کە لە دوای کورد خۆیان بە دووەم نەتەوە دەزانن لە کەرکووک، بە یەک لیست بەشدارییان کردووە، ئەویش بەناوی بەرەی تورکمانییە کە 18 کاندیدیان هەیە، هەروەها عەرەبە سوننەکانی کەرکووکیش لە یەک لیستدا خۆیان کۆکردووەتەوە، ئەویش لیستی هاوپەیمانی عەرەبییە کە 24 کاندیدی هەیە.
$مووسڵ لە وێرانەدا هەڵبژاردن دەکات$
هێشتا بۆنی لاشەی قوربانیانی شەڕی داعش لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی مووسڵدا مێشک وڕ دەکات، بەشێک لە دانیشتووانەکەی لە ئاوارەییدا دەژین و چاویان لە کۆمەکی ڕێکخراوە مرۆییەکانە، بەڵام حیزبە کوردی و شیعی و سوننەکان کەوتوونەتە کێبڕکێیەکی توند لەو پارێزگایە کە 960 کاندید کێبڕکێ لەسەر 31 کورسی پارێزگاکە و 3 کورسی کۆتای مەسیحی و شەبەک و ئێزدی دەکەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا پارتی زۆرینەی دەنگی کوردی ئەو پارێزگایەی بردووە کە زۆربەیان دەنگی کوردی ئێزدی بوون، بەڵام پێناچێ ئەمجارە ئەو دەنگانە بهێنێتەوە، چونکە ئێزدییەکان چەند لیستێکیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە کردووە. کورد لە پارێزگای نەینەوا پێنج لیستی هەیە.
ئەگەرچی مووسڵ شارێکی زۆرینە سوننەنشینە، بەڵام شیعەکان دەیانەوێ بەرهەمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ لە دەستی داعش هەڵبگرنەوە. بە تایبەتی ئیئتیلافی نەسر و ئیئتیلافی فەتح. بەڵام لیستەکەی مالیکی لە کەرکووک و مووسڵ هیچ کاندیدێکی نییە.
لە مووسڵ ئیئتیلافی فەتح بە 62 کاندید، ڕەوتی حیکمە بە 62 کاندید، هاوپەیمانی نەسر بە 62 کاندید بەشدارییان کردووە. هەروەها پارتی و یەکێتیش هەر یەکەیان 62 کاندیدی هەیە.
هەولێر:
ژمارەی لیست: 19
ژمارەی کاندید: 161
سلێمانی:
ژمارەی لیست: 12
ژمارەی کاندید: 213
دهۆک:
ژمارەی لیست: 17
ژمارەی کاندید:117
$ژمارەی کاندیدی لیستە عەرەبییەکان لە کوردستان$
هەولێر: 17
سلێمانی: 29
دهۆک: 6[1]
#17-04-2018#