ڕۆژنیوز، #هاوڕێ کرێکار#
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، وشکەساڵیی لە گەرمیان ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، بە هۆی کەمی باران بارینەوە، لە بەشێکی زۆری سنوری گەرمیان وشکەساڵییە.
بەهۆی کەمی باران بارینەوە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، نیشانەکانی وشکەساڵیی لە بەرهەمەکانی دانەوێڵەدا دەرکەوتووە، لەو بارەیەوە بەشێک لە جوتیارانی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز قسە دەکەن.
لە گەرمیان، یەک ملێون و چوار سەد هەزار دۆنم زەوی دێمی هەیە، واتە پشت بە باران دەبەستێت و 111 هەزار دۆنم زەوی بەرئاو هەیە واتە پشت بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی دەبەستێت، ئەمساڵ نزیکەی 400 بۆ 500 هەزار دۆنم زەوی کراوە بە دانەوێڵەی گەنم و جۆ، لەو ڕێژەیە 285 هەزاری دۆنم زەوی توشی وشکەساڵیی هاتووە.
گۆران سادق، جوتیار، دەڵێت: لە 1991 کاری جوتیاری ئەکەم و دانەوێڵە دەچینم، ئەمساڵ 13 تەن گەنم و جۆم چاندووە لە ناوچەکانی کۆشک و کۆرمۆر، بەڵام بەهۆی کەم بارانیەوە هیچی نەهاتوەتە بەرهەم و دەستم لێ شۆردووە و ئومێدم پێی نەماوە.
دەشڵێت: ساڵی ڕابردوو بەرهەممان زۆر باشتر بوو لە ئێستا، ئەمساڵ لە کاتی وەشاندنی تۆوەوە تا کاتی سەوزبوونی، نزیکەی یەک دەفتەر دۆلار زیانمان کردووە و وازمان لێیهێناوە.
هەروەها جەبار ئەدهەم، جوتیار، باسی لەوە کرد: نزیکەی 35 ساڵە کاری جوتیاری دەکەم بە قەد ئەمساڵ وشکەساڵیم نەبینیوە بەم شێوەیە، ئەمساڵ چەند تۆوم وەشاندووە، هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە.
ئاماژەی بەوەشدا: ساڵی ڕابردوو بەرهەمی دانەوێڵە لە زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان باش بوو بەهۆی ئەوەی باران زۆر باری و لەکاتی خۆیدا بوو، بەڵام بارانەکەی ئەمساڵ وەک پێویست نەبووە و لەکاتی خۆیشیدا کە گەنم و جۆ لەژێر زەویدا پێدویستی بە ئاو بوو، باران نەباری.
شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان لەسەر ئەو پرسە، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: لەبەرئەوەی ئەمساڵ باران کەم باری، وشکە ساڵی لە گەرمیان بۆ بەرهەمی گەنم وجۆ دەرکەوتووە، لە سنوری شارۆچکەی کفری بە تەواوی وشکەساڵیی هەیە، شارەدێێ قۆرەتوو دەوربەری و شارۆچکەی خانەقین و کەلار و شارەدێی ڕزگاری و دەوروبەری بەهەمان شێوە، بەڵام لە شارەدێی مەیدان و باوەنوور بەهۆی زۆری بارانەوە وشکە ساڵیی تێدا ڕوونادات.
وتیشی: ئەمساڵ بە شێوەیەکی زۆر کەم دانەوێڵە، لەو ناوچانەی سەرەوە ئاماژەم بۆکرد هاتوەتە بەرهەم، ساڵی ڕابردوو بەرهەمی دانەوێڵە لەم ناوچانە بەراورد بە ئەمساڵ زۆر باشتر بووە.[1]
#17-04-2018#