پسپۆران و بەرپرسانی ژینگە پێیانوایە، شێوازی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەن و هیچ پێوەرێکی ژینگەیش لەوبارەیەوە جێبەجێناکرێت.
بەپێی بڕگەی 3 لەماددەی 26ی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆمپانیا نەوتییەکان پابەندبکات بە پاراستنی تەندروستی گشتی خەڵک و ژینگەی ئه و ناوچانەی نەوتی لێبەرهەم دەهێنن و ڕاهێنانی هاوڵاتیانی کوردستان لە کۆمپانیاکان تا فێری شارەزای بن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی، بەڵام کۆمپانیاکان تائێستا بەرێژەیەکی کەم چوونەتە ژێرباری ئەم بەندە یاسایانە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ژینگە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی نەوت پابەندی یاسای نەوت و گازی هەرێم نەبوون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش چاوپۆشی لێکردوون و زۆرێک له و کۆمپانیایانە پابەندنی بڕگە و مادەکانی یاسای نەوت و گاز نابن.
حاکم سەمەد ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، ئەوان چاودێری هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی هەرێم، بۆ ئەوەش چەندین ڕێنمایان هەیه تا کەمترین کاریگەری لەسەر ژینگە دروستبکەن.
روونیشیکردەوە، تائێستا جگە لە پاڵاوگەکانی نەوت نەیانتوانیوە ئەم ڕێنمایانە بەسەر هەموو کۆمپانیاکانی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت جێبەجێبکەن، لەبەرئەوەی ئەم کۆمپانیایانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەوەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم هێمای بۆ ئەوەشکرد کە لەسەر پابەندنەبوون بە پاراستنی ژینگە چەند پاڵاوگەیەکی نەوتیان سزاداوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئه و پاڵاوگانە بخاتەڕوو، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکی نەوتیان سزانەداوە.
دەشڵێت نابێت پێشکەوتن و بونیاتنانی وڵات لەسەر حسابی ژینگە بێت، بۆیە لەمەودوا کاری جددی دەکەین بۆ پابەندکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان بەجێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە و مەرجی قورستریش دادەنێین لەوانەش دەبێت لولەکێشەکانیان بەرزتربن و فلتەری پێشکەوتووش دابنێن بۆ ئەوەی کەمترین گازی ژەهراوی تێکەڵ بەهەوا بێت.
پسپۆڕانی بواری ژینگە و سەلامەتی هۆشداری دەدەن بەهۆی زیادبوونی زیانە ژینگەییەکانی دەرهێنانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و ئاماژەشبەوەدەکەن، ساڵانە زیانە ژینگەییەکانی نەوت و غاز دەیان ملیۆن دۆلارە.
د. عبدالخالق مەحەمەد، پسپۆڕی بواری کارگێری ئەندازیاری و سەلامەتی ژینگەیی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2017، واتە لە سەرەتای دەرکەوتنی پڕۆژە نەوتییەکان تائێستا، گەلێک ڕووداوی ژینگەیی لە بواری پیسبوونی هەریەک لە هەوا و ئاوی سەر زەویی و ژێر زەوی و خاک و خۆڵی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لەگەڵ بەفیڕۆچوونی زەوی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی.
ئه و پسپۆرەی بواری سەلامەتی ژینگەیی، ئەوەشدەخاتەڕوو، پرۆسەکانی دەرهێنانی نەوت و غاز لە لایەن کۆمپانیاکان بوونەتە هۆکاری پیسبوونی ژینگەیی هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتدا نەبوونی مۆدێلی سەلامەتی ژینگەیی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ژینگەیی هەرێمی کوردستان دەکەوێت بەهۆی نەوت و غازەوە لە ئەنجامی پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک و مادەکانی ناو هەرێم.
پسپۆڕەکەی بواری ژینگە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە دیاریبکات لەگەڵ جۆرەکانی تێچوو زیانە مرۆیی و ماددی و داراییەکانی کە بەر هەرێم دەکەون لە ئەنجامی کردەوەکانی نەوت و گاز.
ناوبراو، وتیشی پێویستە تەشریعاتی یاسایی لەبارەی پاراستنی ژینگە لە کەرتی نەوت و غازدا بکرێت، لەگەڵ دامەزراندنی مۆدێلی سەڵامەتی ژینگەیی، ئەویش بە فشارخستنەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و غاز و بە پابەندکردنیان بە ئەرکی جێبەجێکردنی مۆدێلی سەلامەتی و کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان.
لای خۆیەوە زانا موکریانی، ئەندازیاری پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ، سەبارەت بە کاریگەری کۆڵینی بیری نەوت لەسەر ئاوی ژێر زەوی هۆشداری پیسبوونی ئاو دەدات، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێژەیی.
موکریانی، ڕوونیکردەوە، بەهۆی مەترسییەکانی بیری نەوت و پرسی لۆجیستیکی و سەلامەتی خەڵک، ناتوانن کۆلین لە ناو شارەکان بکەن، بۆیە لە حاڵەتی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی بەهۆی نەوتەوە بەپێی جۆر و ڕێژەکەی دەتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت.
پسپۆرانی بواری ژینگە هۆشداری دەدەن لە بارەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 90% کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی غازی سروشتی و گازوایلەوە بەرهەمدەهێنرێت.
زۆرێک لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە جیهان، پشت بە سەرچاوەی جیاجیا دەبەستن و، بۆ هەر وڵات و شوێنەک جۆرە ستانداردێک هەیە بۆ بەگەرخستنی وێستگەکانی کارەبا، کە بەشی زۆری ستانداردەکان لەپێناو پاراستنی ژینگەیی و کەمکردنەوەی خەرجیە، لە هەرێمی کوردستان سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە هەر سێ وێستگەی گاز و دوو بەنداوی کارۆئاوی دووکان و دەربەندیخان بەستووە.
د.دڵشاد ئیسماعل، پسپۆڕی بواری ژینگە لە بارەی زیانەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی گازوایل، زیانی زۆر زیاترە لە غازی سروشتی و خەڵوز و نەوت، چونکە گازوایل پیسترین جۆری سوتەمەنییە.
ئه و پسپۆرە، ئاماژە بەوەشدەکات، سوتانی گازوایل، دەبێتە هۆی پەیدابوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، واتە Carbon dioxide و هەڵمی ئاو واتە water vapor.
رونیشیکردەوە، ئه و غازانەی لە گازوایل بەرهەمدێن هەمان ئەو پێکهاتانەن، کە لەکاتی هەناسەداندا بەرهەم دێن و، ڕێژەی 45% دەرپەڕاندنی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش لە گازوایل زیاترە.
وتیشی ئەو غازانەی کە لە ئەنجامی سوتانی گازوایلەوە پەیدادەبێت نزمترە لە خاڵی خەستبوونەوەی ئەوە غازانەی کە لە ئەنجامی سوتانی غازی سروشتیەوە پەیدادەبێت، کە خەستبوونەوەی ئەو غازانە دەبێتە هۆی پەیدابوونی مادەیەکی داڕزێنەر.
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان 90% لە ڕێگای گازی سروشتی و گازوایلەوە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی و خراپی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستکردووه.
ئەوەشی خستەروو، لە سەردەمی ئێستا سیاسەتی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزە لە هەموو وڵاتان لە ڕێگای وزەی خۆر و با و ئاو بەرهەمدەهێنرێت، ئەویش بەهۆی پاکی و هەرزانی نرخی تێچوونی بەرهەهمهێنانی وزەی کارەبا.
ئاشکراشیکرد، 3 وێستگەی کارەبای گەورە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک ڕۆژانە بە ملیۆنان لیتر گازوایل و هەزاران مەتر سێجا غازی سروشتی دەسوتێنن بۆ بە دەستهێنانی وزەی کارەبا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی زانستیش ئه و کارە ئەنجامبدرێت، بەڵام کاریگەری خراپی هەر لەسەر ژینگە دەبێت.
وتیشی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نە باجی ژینگە دەدەن نە بە تەواوی پابەندن بە ڕێنماییەکانی ژینگە، بەڵام بەهۆی پێویستی هەرێم بە کارەبا چاوپۆشیان لێکراوە.[1]
#17-04-2018#