لەسەر سکاڵای #پەکەکە#، دانیشتنی دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا بەڕێوەچوو. سکاڵاکە و دانیشتنەکە بۆ ئەوە بوو پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا دەربهێنرێت. چاوەڕێ دەکرێت دادگاکە لە 6 بۆ 9 مانگی داهاتوودا، لەو بارەیەوە بڕیار بدرێت.
بۆ ئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا دەربهێنرێت، لە دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا لە لوکسەمبورگ سکاڵا تۆمارکرابوو. چاوەڕێ دەکرێت لە 6 بۆ 9 مانگی داهاتوو لەسەر ئەو سکاڵایە بڕیار بدرێت. دەستەی دادوەریی دادگاکە ڕایگەیاند کاتێک مرۆڤ سەیری ئەم 10 ساڵەی ڕابردوو بکات، پەکەکە کردەی 'تیرۆری' ئەنجام نەداوە، بەڵام بۆ پێداگری لەوە دەکرێت کە پەکەکە لەو لیستەیەدا بمێنێتەوە. پارێزەرەکانی پەکەکە لەو دادگایەدا وتیان دادگاکە بە باشی بەڕێوەچووە. ئەگەری ئەوە هەیە بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە.
تۆمارکردنی سکاڵا
پەکەکە لە ساڵی 2002 خرایە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. ئەو لیستە هەر 6 مانگ جارێک نوێ دەکرێتەوە. موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان بە نوێنەرایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە ڕێگەی دامەزراوەی مافەکانی پارککەن ئۆلیڤێرا (prakken d'oliveira) هۆڵەندییەوە تانەیان لە لیستەکە دابوو. بۆ ئەوەش لە 1ی ئایاری 2014دا / 11ی خاکەلێوە لە دیوانی دادپەرەوەریی ئەوروپا سکاڵا تۆمار کرابوو. دوای 4 ساڵ لە تێکۆشان بۆ مافەکان، دانیشتن لەسەر ئەو سکاڵایە بەڕیوەچوو.
دانیشتنەکە سەرلەبەیانیی دوێنێ لە دیوانی دادپەوەریی ئەوروپا بەڕێوەچوو. پارێزەران ماریەکە ڤان ئیک و تامارا بوروما بەرگرییان لە پەکەکە کرد. ئەنجوونی ئەوروپا، کۆمسیۆنی ئەوروپا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ هێشتنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا قسەیان بۆ دادگاکە کرد.
ئیدعاکان بێ بنەمان
پارێزەرانی پەکەکە ڕایانگەیاند، ئەوەی ڕوو دەدات کردەی تیرۆر نییە، بەڵکو شەڕە و بەهۆی شەڕەوە هەندێک زیان ڕوو دەدات. پارێزەران ڕاشیانگەیاند، لەسەر داوای تورکیا پەکەکە خراوەتە ئەو لیستەوە. نزیکەی 70 تاوان، کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەوە نەکراوە خراوەتە پاڵ پەکەکە، بەڵام ئەوە تەنها ئیدعایەکی بێ بنەمایە لە دژی پەکەکە.
پەکەکە بەپێی پێوەرەکانی شەڕ جوڵاوەتەوە
پارێزەرەکان ئەوەشیان خستەڕوو، هەندێک کوشتار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراون و خراونەتە ئەستۆی پەکەکە. پارێزەران وتیشیان کاتێک پەکەکە هەندێک ڕووداو ئیدانە دەکات، وا لێکدەدرێتەوە کە گوایە پەکەکە ئەو کارەی ئەنجامداوە، بەڵام کاتێک سەیری ئەو کوشتارانە دەکرێن، کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدراون، ئەوە بە ڕوونی دەبینرێت، کە دەیانەوێت گوشار لەسەر پەکەکە دروست بکەن. پارێزەرەکان ڕاشیانگەیاند، پەکەکە بەپێی پێوەرەکانی شەڕ جوڵاوەتەوە و کارێکی نەکردووە کە پێچەوانەی بنەماکانی شەڕ بێت.
دوای بەرگریی پارێزەرانی بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە، ئەنجوومەنی ئەوروپا و بەرپرسانی کۆمسیۆنی ئەوروپا قسەیان کرد. ئەو دوو ڕێکخراوە ڕایانگەیاند، چالاکییەکانی پەکەکە بەردەوامییان هەیە و بۆ ئەوەش دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بمێنێتەوە. فەرەنسا و بەریتانیا جەختیان لەوە کردەوە، کە دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بمێنێتەوە.
بۆچی پێداگری لەسەر مانەوەی پەکەکە لە لیستەکەدا دەکەن؟
دوای بەرگرییەکان، دەستەی دادوەریی دادگاکە پرسیاری لە پارێزەرانی هەر دوولا کرد. دەستەی دادوەریی دادگاکە لە پارێزەرانی ئەو لایەنەی، کە دەیانەوێت پەکەکە لە لیستەکەدا بمێنێتەوە، پرسی ماوەی 10 ساڵە پەکەکە کردەی 'تیرۆری' ئەنجام نەداوە. باشە بۆ ئێوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن پەکەکە لەو لیستەدا بمێنێتەوە؟ لە بەردەوامیی دادگاکەدا ئەوە دەرکەوت، کە پارێزەرانی ئەو لایەنەی دەیەوێت پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بمێنێتەوە، نەیانتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە و تەنها بە باسکردنی چالاکییەکانی ڕابردوو، دەیانخواست بەرگری لە داواکەیان بکەن.
پارێزەرانی بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە ڕایانگەیاند، پەکەکە لە چالاکییەکانیدا هێزە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج و ئەوە هیچ دروست نییە، کە مرۆڤ چالاکی لە دژی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە عەقڵیەت و تێگەیشتنی تیرۆریزم ڕاڤە بکات. پارێزەران ڕاشیانگەیاند، لەبەر ئەوەی پەکەکە شەڕ لە دژی داعش دەکات، نابێت پەکەکە بە ڕێکخستنێکی تیرۆر پێناسە بکرێت و پێویستە دەستەی دادوەری ئەوە لەبەرچاو بگرێت.
پارێزەران: دادگاکە بە باشی بەڕێوەچوو
دوای دانیشتنەکەی دادگا، پارێزەران ماریکە ڤان ئیک و تامارا بروما وتیان دادگاکە بە باشی بەڕێوەچووە. گفتوگۆ لەسەر هەموو ئارگیومێنتەکانی ئێمە کرا. بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروست بدرێت، گفتوگۆی زۆر و گرنگمان ئەنجامدا. بە بڕوای ئێمە لە دوای ئەو دانیشتنە، 2 بڕیار هەڵدەوەشێنرێنەوە. یەکێکیان ئە بڕیارەیە کە پەکەکە لە ساڵی 2014ەوە لە لیستەکەدا هێڵراوەتەوە و ئەی تریشیان ئەو بڕیارەیە، کە نابێت شەڕی چەکداری بە کردەی تیرۆر پێناسە بکرێت. بە بڕوای ئێمە، دادوەرەکانی ئە دادگایە بەوشێوەیە بیر ناکەنەوە و بۆچوون و نیگەرانی خۆیان لە دژی ئەنجوومەنی ئەوروپا خستەڕوو.
پەکەکە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی هەستیارە
پارێزەران وتیشیان ئێمە بە دادگامان وت، پەکەکە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی زۆر هەستیارە و لەو بوارەشدا ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر. ڕەنگە هەندێک جار هەندێک کەموکوڕی ڕووبدات، بەڵام ناکرێت لەسەر کارەکانی کەسێک، ڕێکخستنێک بە گشتی تاوانبار بکرێت، چونکە پەکەکە بۆ خۆی ئەو کەسانە سزا دەدات، کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی هەستیار نین، یان کارێک دەکەن زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی بگەیەنێت.
دەبێت دەوڵەتە ئەوروپییەکان بەپێی بڕیارەکان بجوڵێنەوە
پارێزەران ئەوەشیان خستەڕوو، ئەگەر لەلایەن دادگاوە بڕیارێکی باش و گونجاو دەربکرێت. بڕیارەکە ڕێگا بۆ ئەنجامی گرنگ خۆش دەکات. دەبێت هەموو بڕیارەکانی دوای ساڵی 2014 لە دژی پەکەکە هەڵبوەشێنرێنەوە و ماف بۆ ئەو کەسانە بگەڕێندرێتەوە کە زوڵمیان لێکراوە و مافەکانیان زەوتکراوە.
چاوەڕێ دەکرێت دیوانی دادوەریی ئەوروپا لە ماوەی 6 بۆ 9 مانگ دا بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە بدات.
سەرچاوە: ئۆزگیور پۆلیتیکا
فورات نیوز[1]
#18-04-2018#