بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایدەکات، تائێستا زیاتر لە 73 قەوارە و کاندید پێشێلکارییان لە عێراق ئەنجامداوە کە سیازدەیان لەهەرێمی کوردستان بووە.
مازن عبدالقادر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند تائێستا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە 73 قەوارە و کاندید سزایان بەسەردا سەپێنراوە کە بۆ هەر کاندیدێک سێ ملیۆن دینار و بۆ قەوارەکانیش بڕی پێنج ملیۆن دینار، له و ڕێژەیەش سیازدەیان لە هەرێمی کوردستانن.
وتیشی جۆری بێشێلکارییەکان لەلایەن قەوارە و کاندیدەکان بریتییە لە بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان ئۆتۆمبێلی فەرمانگە حکومییەکان و شوێنە ئاینییەکان تەشهیر و ناوزڕاندن و چەندان پێشێلکاری دیکە کە بەپێی جۆری سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت، ئەگەر پێویستیش بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
ئه و بەرپرسەی کۆمسیۆن ئاماژەشی بەوەکرد، بەشێک له و پێشێلکارییانە پێش هەڵمەتی بانگەشە بووە لەڕێگەی لق و ناوەندەکانی کۆمسیۆنەوە چاودێری تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و شوێنەکانیان کردووە.
دەشڵێت داواکارین لە لایەنەکان خۆیان بە دوور بگرن لەو ڕەفتارە قەدەغەکراوانەی کە بەپێی یاسا سزایان بۆ دیاریکراوە، لەپێناو سستنەبوونی گەشەی دیموکراسی و دەمانەوێت ڕێگری بکرێت لە هەر کردارێکی قەدەغەکراو.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیان هەیە و چاودێریی دۆخەکە دەکەن، ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان بەرز دەکەنەوە و لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە سزای لایەن و کەسی سەرپێچیکار دەدرێت، دواتر ئاگاداری لایەنی سەرپێچیکار دەکرێتەوە و سزای ماددییان بەسەردا دەسەپێنرێت.[1]
#18-04-2018#